لە 26ی ئاداری رابردووەوە هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و كیڵگەكانی كەركووك لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیا وەستاوە و دەستی پێ نەكردووەتەوە، گفتوگۆكانی نێوان عێراق و توركیا لەسەر ئاستی تەكنیكی و بەرپرسانی نەوت و وزە بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامە، بەڵام بابەتەكە پێویستی بە چارەسەر و بڕیارێكی سیاسی هەیە، كە رەنگە تا ئێستە فەراهەم نەبووبێت.
لە ماوەی رابردوو شاندە تەكنیكییەكانی هەردوو وڵات و لەسەر ئاستی وەزیرانی نەوت و وزەوە گفتوگۆیان لەبارەی دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتەكە كردووە، بەڵام دەركەوت بابەتەكە زیاتر لە تەكنیكییە، چونكە توركیا رای گەیاند كە بۆرییەكە ئامادەیە بۆ دەست پێكردنەوەی هەناردن، عێراقیش چەند جارێك داوای كردووە پرۆسەكە دەست پێ بكاتەوە، بەڵام بە نەبوونی سازانی سیاسی لە نێوانیان تا ئێستە هەناردن دەستی پێ نەكردووەتەوە.
ماڵپەڕی
"راپۆرتی نەوتی عێراق"، باسی ئەوەی كردووە كە شاندە تەكنیكییەكانی بەغدا و هەولێر چەند جارێك لە هەولێر و ئەنقەرە لەگەڵ شاندی توركیا كۆ بوونەتەوە، بەتایبەتی كۆبوونەوەكان لە رۆژانی دوایی چڕ بووەتەوە و پێشوەچوون بەدەست هاتووە، بەڵام وەك بەرپرسانی عێراقی دەڵێن، تا ئێستە رەزامەندیی سیاسی لەسەر رۆیشتنی نەوتەكە مسۆگەر نییە.
وەك ماڵپەڕەكە باسی كردووە، لە كۆبوونەوەكان باسی بابەتە تەكنیكی و بازرگانییەكان سەبارەت بە دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتەكە كراوە، ئەوەش لە دوای شەش مانگ لە وەستانی، لەوانە چوار بەرپرسی ئاگەدار لەو كۆبوونەوانە گوتیان، تاوتوێی رسووماتی رۆیشتنی نەوت و بڕ و كوالێتی نەوتەكە و نزمترین ئاستی بەرهەمهێنان و پابەندییەكانی هەردوولا بە دووبارە كردنەوەی بۆرییەكە كراوە.
ماڵپەڕەكە ئاماژە دەكات، لە كۆبوونەوەكانی دوایی دەركەوت كە هەوڵی بەردەوام بۆ دیاریكردنی مەرجی دووبارە كردنەوەی بۆری هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بۆ توركیا هەیە، بەڵام تا ئێستە رەزامەندیی سیاسی بۆ ئەو هەنگاوە فەراهەم و مسۆگەر نییە.