تا دێت دۆخی ناوخۆی یەكێتی بەرەو خراپتر دەڕوات، بەهۆی كۆنگرەوە دەنگە ناڕازییەكان پشتی لێ دەكەن و بەشداری پێنجەم كۆنگرەی ئەو حزبە ناكەن، كادر و ئەندامەكانیش بەهۆی ئەوەی هەوڵی چارەسەری كێشە ناوخۆییەكان نەدراوە، زۆرێك لە ئەندامانی سەركردایەتی ئەو حزبەش بڕیاریان داوە بەشداری نەكەن، بۆیە پێشبینی ئەوە دەكرێت كە كۆنگرەكە ببێتە هۆی قوڵبوونەوەی كێشەكانی ناو یەكێتی و حزبێكی تر بە سەرۆكایەتیی لاهور شێخ جەنگی و ناڕەزاییەكان لە یەكێتی دروست ببێت.
لە كۆتایی مانگی ئابی رابردوو یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە بڕیارێكی بە پەلە بڕِیاری دا كۆنگرە ببەستێت، بۆ كاتی بەستنی كۆنگرەكەش تەنیا ماوەی مانگێك لەبەردەستدا بوو، لای خۆیانەوە چاودێر و سیاسەتوانان بڕیاری بەستنی كۆنگرەیان بەو شێوە بە بڕیارێكی پەلە ناو برد و باسیان لەوە كرد كە كۆنگرە ناتوانێت كێشەكانی یەكێتی چارەسەر بكات، بگرە زیاتر قووڵیان دەكاتەوە، هەروەها ئامانج لە بەستنی كۆنگرەكە پێدانی دەسەڵاتی زیاترە بە بافڵ تاڵەبانی و دەركردنی ئەوانەی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی بوون.
لەو بارەوە سامان جاف، ئەندامێكی ناڕازیی یەكێتی بە "وشە" دەڵێت، یەكێتی كۆنگرەیەكی خراپ دەكات و هیچ لە كێشە ناوخۆییەكانی حزبەكەی پێ چارەسەر نابێت، ئاشكرایە ئەو كۆنگرەیە ئامانج لێی پێدانی دەسەڵاتە نەك چارەسەركردنی كێشەكان بە گەڕانەوە بۆ یەكێتییەكەی رابردوو و كۆتاهێنان بە گرفتەكان، كاتێك ئەو هەموو سەركردە كۆنەی یەكێتی كە هەریەكەیان خاوەن مێژوو و خەبات و بگرە جەماوەری خۆیەتی بڕیاریان داوە بەشداری نەكەن، بڕیارەكەش لەوە نییە بڵێن دادەنیشن، بەڵكو بەهۆی نیگەرانی و ناڕەزایەتییانە لەو دۆخەی یەكێتی و ئەو بڕیارانەی كە دەدرێن و تاكە كەسین.
باسی لەوەش كرد، یەكێتی لەسەر ئاستی كادر و ئەندامانی رووبەڕووی گرفتی گەورە بووەتەوە، كە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو نەتوانرا ئەو كێشانە چارەسەر بكرێت، هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی عێراق و پەرلەمانی كوردستانمان لە پێشە، بۆیە یەكێتی بەو دۆخەوە كە ئێستە رووبەڕووی بووەتەوە و زۆرێك لە سەركردەكانی ناڕازین و ناچنە كۆنگرەوە، تووشی تەنگەژەی گەورە دەبێتەوە، لەسەر ئاستی جەماوەر و ئەندام و كادرانیش ناڕەزایەتی زۆر هەیە، كە دەبوو سەرەتا ئەو كێشانە چارەسەر بكرانایە.
لای خۆیەوە زانا عەبدولڕەحمان، پەرلەمانتاری پێشوو و كادری پێشكەوتووی یەكێتی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، بەستنی كۆنگرەیەكی لەو شێوە بەو هەموو سەركردە و ئەندامە ناڕازییانەوە، ئەوان دەستكراوە دەكات كە لە چوارچێوەی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان خۆیان رێك بخەنەوە و كۆنگرە و سەركردایەتیی نوێ پێشكەش بە حزبێك بكەن كە ئێستە ناوی یەكێتی نوێیە.
دووپاتی كردەوە كە كۆنگرە هیچ رێگەیەكی بەرگریكردن و خۆلادان بۆ لاهوور شێخ جەنگی و هاوبیرەكانی ناهێڵێتەوە بۆ دانبەخۆداگرتن و بێدەنگی، چونكە بێدەنگی و چالاكیی دوای كۆنگرە واتە مەرگی سیاسیی لاهوور شێخ جەنگی و هاوبیرەكانی.
پێوەست بەو بابەتە نەسرەدین مەلا، ئەندامێكی تری یەكێتی بە "وشە"ی راگەیاند، هەموو چاوەمان لەسەر ئەوەیە كە یەكێتی بەهۆی ئەو كۆنگرەوە تووشی كێشەی گەورە بێتەوە، ئەوەش روونە كە تاكبڕیاری هۆكاری ئەو دۆخەیە، هەر حزبێك كە كۆنگرە دەكات بۆ ئەوەیە كۆتایی بە كێشەكانی بێنێت، چارەسەری دۆخی ناوخۆی حزب بكات، ناڕەزاییەكان و ئەوانەی نیگەرانن ئاشت بكاتەوە و هەموو پێكەوە كار بۆ حزبێكی بەهێز و كاریگەر بكەن، بەڵام یەكێتی هەر دەیەوێ بەو رێگەیە بڕوات كە حزبەكە رووبەڕووی گرفتی گەورە دەكاتە، هەمووانیش وا دەڵێن كە پێشهاتێكی خراپ چاوەڕێی یەكێتی دەكات.
لەوبارەوە ئارام عومەر، چاودێری سیاسی نووسیویەتی، دۆخی ئەمجارەی یەكێتی لە دۆخی پێش ساڵی 2009 دەچێت، چاوەڕێی لێكترازانێكی گەورەتر لە جیابوونەوەكەی بزووتنەوەی گۆڕانی لێ دەكرێت، لە كۆنگرەی پێنج كۆمەڵێك سەركردەی گەورە و كۆمەڵێك سەركردایەتی و فەرماندەی سەربازی جیا دەبنەوە و دەچنە پاڵ لاهوور شێخ جەنگی و یەكێتی لە چەپكە گوڵەكەوە دەبێتە ئاردی ناو دڕوو.
وشە/ تایبەت