هۆكارێكى ترى له‌ دایكبوونى منداڵى ئۆتیزم ئاشكرا بوو

:: AM:11:53:27/09/2023 ‌
خواردنه‌وه‌ی سۆده‌ كه‌م كالۆرییه‌كان یان ئه‌و خواردن و خواردنه‌وانه‌ی تر كه‌ ناسراون به‌ (لایت) و ماده‌ی ئه‌سپارتامیان تێدایه‌، له‌لایه‌ن ئافره‌تانی دووگیان یان شیرده‌ره‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ كۆرپه‌ڵه‌كه‌ تووشی حاڵه‌تی ئۆتیزم بكات. 

 له‌ توێژینه‌وه‌یه‌كه‌دا كه‌ فۆكس نیوز بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، توێژه‌ران شیكارییان بۆ خواردنی ماده‌ی ئه‌سپارتام كردووه‌ كه‌ گرووپێك له‌ به‌شدارانی توێژینه‌وه‌كه‌، 235 ئافره‌ت دایكی ئه‌و منداڵانه‌ بوون تووشی ئۆتیزم بووبوون. پاشان توێژه‌ران ئه‌م ئه‌نجامانه‌یان به‌راورد كرد له‌گه‌ڵ گرووپێكی كۆنترۆڵكراو كه‌ پێكهاتبوو له‌ 121 منداڵ، كه‌ "گه‌شه‌كردنی ده‌مار و سیناپسی ئاسایی"یان هه‌بوو، واته‌ هیچ تێكچوونیان نه‌بووه‌، له‌ناویاندا تووشبوون به‌ ئۆتیزم.

تیمێك له‌ سه‌نته‌ری زانستی ته‌ندروستیی زانكۆی تێكساس بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌، منداڵانی تووشبوو به‌ ئۆتیزم، سێ ئه‌وه‌نده‌ زیاتر به‌ركه‌وته‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ده‌بن كه‌ به‌ ئه‌سپارتام شیرین كراون و دایكه‌كه‌ ڕۆژانه‌ له‌ كاتی سكپڕی یان شیرپێدان خواردوویه‌تییه‌وه‌.

به‌ڵام توێژه‌ران ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه‌ كه‌ زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كانی ئۆتیزم له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا، 87%ی ڕه‌گه‌زی نێر بوون.

فاوله‌ر نووسه‌ری سه‌ره‌كیی توێژینه‌وه‌كه‌ زانیاریی دا، له‌باره‌ی ئه‌و دایكانه‌ی به‌ركه‌وته‌ی ئه‌و خواردنه‌وانه‌یان هه‌یه‌ كه‌ ماده‌ی ئه‌سپارتامی تێدایه‌، له‌ كاتی دووگیانی و شیرپێدان، پێوه‌سته‌ به‌ تووشبوونی منداڵان به‌ ئۆتیزم.

فاوله‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جار نییه‌ هۆشداری بدرێت به‌ ئافره‌تان له‌ به‌كارهێنانی ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ له‌ كاتی دووگیانیدا.

له‌ ساڵی 2010ه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك ڕاپۆرت بڵاو كراونه‌ته‌وه‌ له‌باره‌ی زیادبوونی مه‌ترسییه‌ ته‌ندروستییه‌كان، له‌ناو نه‌وه‌كانی ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ خواردنه‌وه‌ گازییه‌كان و خواردنه‌وه‌ ڕێجیمییه‌كانی تریان خواردووه‌ته‌وه‌ له‌ كاتی دووگیانیدا.

ئه‌م مه‌ترسییه‌ ته‌ندروستییانه‌ بریتی بوون له‌ زیادبوونی مه‌ترسی له‌دایكبوونی پێشوه‌خته‌ و زیادبوونی مه‌ترسیی قه‌ڵه‌ویی منداڵان.

لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ئه‌مدواییه‌ ئه‌وه‌ی ده‌رخست، شیرینكه‌ره‌ ده‌ستكرده‌كان كه‌ له‌ خواردنه‌وه‌ "ڕیجیمییه‌كان"دا به‌كار ده‌هێنرێن، له‌ناو شله‌ی ئامنۆتیكی ده‌وروبه‌ری كۆرپه‌ڵه‌ له‌ سكدا دۆزراونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ناو خوێنی ناو وێلاشی ناوكدا دۆزراونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ ئه‌م شیرینكه‌رانه‌ ده‌گه‌نه‌ كۆرپه‌ڵه‌.

له‌ مانگی ته‌مووزی ساڵی ڕابردوودا، ڕێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمیی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا "ئه‌سپارتام"ی وه‌ك ئه‌گه‌ری شێرپه‌نجه‌یی بۆ مرۆڤ پۆلێن كرد.

ئاماده‌كردنی: عه‌بدولقه‌هار هه‌ولێری/هۆڵه‌ندا



وشە - كەژاڵ كەمال