"حوت"ـەكەی ناسریە لە پارێزگای زیقار پیاوێكی قوتدا

:: PM:04:59:29/09/2023 ‌
سەرچاوەیەكی تەناهی لە شاری ناسریەی سەر بە پارێزگای زیقار رای گەیاند، لە گرتووخانەی "حوت" ی شارەكە زیندانییەك گیانی لە دەست دا. 

ئەمڕۆ هەینی 29ی ئەیلوولی 2023، سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای زیقار بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاندووە كە پیاوێكی تەمەن 36 ساڵ لە گرتووخانەی "حوت"ی شاری ناسریە لە پارێزگای زیقار بە هۆكارێكی نادیار گیانی لە دەستداوە. 

سەرچاوەكە ئەوەیشی بۆ میدیا عێراقییەكان ئاشكرا كردووە كە گیراوەكە بە مادەی تیرۆر سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچووبوو بە پێی مادەی چوار لە یاسای سزادانی عێراقی. 

گرتووخانەی ناوەندی ناسریە كە بە گرتووخانەی "حوت" ناسراوە، گرتووخانەیەكی گەورەیە و دەكەوێتەوە نزیك شاری ناسریە لە پارێزگای زیقار، جێگەی باسە ئەم گرتووخانەیە گەوەرترین گرتووخانەیە لە باشووری عێراق و لە ساڵی 2008 دامەزراوە و لەژێر كۆنتڕۆڵ و رێوشوێنێكی توندی تەناهی و پاسەوانیدایە. 

بەهۆی ئەوەی زۆربەی زیندانییەكانی ئەم گرتووخانە مادەی تیرۆر و تاوانە گەورەكانن و زۆربەیان مەحكوومن بە سزای سێدارە یاخود زیندانی تاهەتایی و هاتنە دەرەوە لێی شتێكی ئەستەمە، گرتووخانەكە بە "حوت" نەهەنگ ناوی دەركردووە و ئەمڕۆ مانشێتی " حوت"ەكەی ناسریە پیاوێكی قوتدا میدیا عەرەبییەكانی تەنی.


وشە - تایبه‌ت