ئەمڕۆ هەینی 29ی ئەیلوولی 2023، رۆژنامەی "واشنتن پۆست" راپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە لەسەر رۆڵی خراپی سۆشیال میدیا لە بڵاوكردنەوە و برەودان بە توندوتیژی لە تەواوی دنیادا و بۆ پشتراستكردنەوەی بابەتەكەیشی تیشكی خستووەتە سەر گرووپێكی هیندۆسی كە ناویان لە خۆیان ناوە پاسەوانی مانگاكان.
گرووپی " پاسەوانی مانگاكان" گرووپێكی هیندۆسین و لە هیندستان ژیان بەسەر دەبەن، ئەركیان پاراستنی مانگاكانە و لە سۆشیال میدیا و پلاتفۆڕمە كۆمەڵایەتییەكاندا ڤیدیۆی ئەشكەنجە و سووكایەتی ئەو مسوڵمانانە بڵاو دەكەنەوە كە مانگاكان دەبەن بۆ قوربانی و سەریان دەبڕن.
یەكێك لەو تاوانە دیارانەی كە گرووپی پاسەوانانی مانگا ئەنجامیان داوە، هێرشكردنە سەر سێ گەنجی مسوڵمان بوو لە باكووری هیند لەكاتێكدا سێ گەنجە مسوڵمانەكە بە ئۆتۆمبێلێكی هیۆندای ساڵۆن خەریكی گەشتی خۆیان بوون.
سێ گەنجە مسوڵمانەكە هەوڵی هەڵاتنیان دەدا لەژێر دەستی گرووپی پاسەوانی مانگاكان، بەڵام لە ئەنجامدا تووشی رووداوی هاتوچۆ بوون و خۆیان كێشا بە بارهەڵگرێكی گواستنەوەی میوە و سەوزە و تووشی رووداوی هاتوچۆ بوون.
بەپێی كامێراكانی چاودێری لە ناوچەكە كە تۆمار كراوە، دوای رووداوەكەی هاتوچۆ، سێ گەنجە مسوڵمانەكە لە ئۆتۆمبێلەكەیان دەهێندرێنە خوارەوە و سووكایەتیان پێ دەكرێ و پیسایی مانگایان دەرخوارد دەدرێ، پاشان لێیان دەدەن و ڤیدیۆكانیشان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو دەكەنەوە.
ئەم گرووپە لەلایەن كەسێكەوە بە ناوی "مانیسار" سەركردایەتی دەكرێ، لە ساڵی 2020دا ئەم گرووپە هەڵسان بە بڵاو كردنەوەی راستەوخۆیەك لە تۆڕی كۆمەڵایەتی یوتوب، لەكاتێكدا كۆمەڵێك مسوڵمان بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە بارهەڵگرێك مانگایان دەگواستەوە بۆ قوربانی كردن و گرووپەكەی مانیساریش هەڵسان بە رێگری كردن لێیان و سووكایەتی و دەرخواردی پیسایی مانگا بە مسوڵمانەكان.
بەهۆی ئەوەی مانیسار لە یوتوب 100 هەزار سەبسكرایبەری تێپەڕاندووە، مانگی رابردوو بووە خاوەنی قەڵغانی زیوین لە پلاتفۆڕمەكەدا و مانگانە پارەیەكی زۆری لە یوتوبەوە بۆ دەچێت.
مانگی تەمووزی ساڵی رابردوو بەهۆی نانەوەی ئاژاوە و بڵاوكردنەوەی كلیپێك لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكاندا كە گاڵتەی بە مسوڵمانان دەكرد ئاژاوە دروست بوو لە ئەنجامدا شەش كەس گیانیان لە دەست دا بەهۆی ئاژاوە و شەڕەكەوە.
هەرچەندە دادگای هیندستان پشتڕاستی كردووەتەوە كە مانیسار و گرووپی "پارێزەری مانگاكان" لە پشت هەموو ئەو سووكایەتی و ڤیدیۆیانەن كە تۆماركراوە و تیایدا سووكایەتی بە مسوڵمانان دەكرێت، بەڵام هێشتا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رێوشوێنیان بەرانبەر نەگرتووەتە بەر و مانگانە پارەیەكی زۆریش لەلایەن تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بۆ مانیسار و گرووپەكەی دەچێت بەهۆی زۆری بینەرییان، بە تایبەت لە یوتوب و تیكتۆكدا.
یەكێك لە تاوانەكانی تری مانیسار كە پڕبینەرترین ڤیدیۆ بووە لە چەند ساڵی رابردوودا، ناچاركردنی چەند گەنجێكی مسوڵمانبووە بە خواردنی پیسایی مانگا لە پەخشی راستەوخۆدا.
رۆژنامەی واشنتن پۆست پێوەندی بە مانیسارەوە كرد، بەڵام مانیسار رەتی كردەوە كە ئەو لە پشت بڵاوكردنەوە و برەوپێدان بێ لە پشت ڤیدیۆكانەوە.
لای خۆشییەوە گوتەبێژی یوتوب رای گەیاند كە پلاتفۆڕمەكەیان چوار مانگ لەمەوبەر چەنەڵی مانێساریان بە یەكجاری سڕیوەتەوە لەسەر وێبسایەتەكەیان و گوتەبێژی مێتاش لەمبارەوە ئاماژەی بەوە كردووە كە كۆمپانیاكە بە گشتی هەموو ئەكاونت پەیجێك لەسەر پلاتفۆڕمەكانی خۆی داون دەكات كە لەگەڵ ستانداردەكانی كۆمەڵگای مێتا یەكانگیر نەبێت.
رۆژی 12ی ئەم مانگە دەسەڵاتدارانی هیندستان رایان گەیاند كە پۆلیسی هیندستان مانێساری گرتووە بەهۆی ئەوەی دەستی هەبووە لە هاندان لە رووداوێكدا كە بووە هۆی پێكدادان لە هیندستان لە نێوان مسوڵمان و هیندۆسەكان و لە ئەنجامدا 70 كەس كوژران.