رۆژی 23ی ئەم مانگە تیپی وەرزشی هونەرمەندانی سلێمانی، لەگەڵ تیپی نووسەران یارییەكی دۆستانە لە یاریگەی كەمال سەلیم لە شاری سلێمانی رێكدەخەن، لەم یارییەدا چەندان هونەرمەند و نووسەری دیاری شارەكە وەك یاریزان بەشداریی تێدا دەكەن.
بڕیاربوو سەعات دووی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەم، بەبۆنەی ساڵوەگەڕی دامەزراندنی سلێمانییەوە، تیپی هونەرمەندان لەگەڵ تیپی نووسەران و ڕۆژنامەنووسان، یارییەكی دۆستانەی تۆپی پێ ئەنجام بدەن، بەڵام بەهۆی خراپیی كەشوهەوا و بارانبارینەوە، یارییەكە دواخرا.
لە راگەیەنراوێكیاندا نووسەران و رۆژنامەنووسانی دیاری سلێمانی ئاماژە بەوە دەكەن، 23ی ئەم مانگە یارییەكی دۆستانە لەگەڵ تیپی هونەرمەندانی سلێمانی رێكدەخەن، یارییەكە كەناڵی ئاسمانی كوردسات بەهاوبەشی لەگەڵ داودەزگا فەرمییەكانی تری سلێمانی ڕێكیخستووە، بڕیارە لە یاریگەی كەمال سەلیم بەڕێوە بچێت.
بڕیاریشە بە قردێلەی ڕەش و وێنەیەكی گەورەی نووسەری كۆچكردوو "هێمن قەرەداغی"، بچنە ناو یاریگەی كەمال سەلیم و هەردوو تیپ هەوڵی سەركەوتن بدەن.
تیپی نووسەران بریتین لە ڕێبین هەردی، نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، ئاسۆس هەردی و چەندانی تر. تیپی هونەرمەندانیش پێك هاتوون لە ماهیر حەسەن، دیاری قەرەداغی، ئەحمەد جوڵا و چەندان هونەرمەندی دیاری تری شارەكە، ئەم یارییانە زوو زوو لە نێوان هەردوو تیپی هونەرمەندان و نووسەران لە سلێمانی بەڕێوە دەچن.