پەرلەمانتارێكی پارتی: پێشبینی سێ كورسی لە ئەنجوومەنی كەركووك دەكەین

:: PM:06:49:20/11/2023 ‌

بڕیارە لە 18ی كانوونی یەكەمی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی عێراق لە 15 پارێزگە، جگە لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت، ئەم هەڵبژاردنە بۆ كورد جیاواز و زۆر گرنگ و هەستیارە، چونكە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 دێت، كە پۆستی پارێزگار لە كورد وەرگیرایەوە و بە عەرەبێكی شۆڤینی دژ بە كورد درا، بۆیە كوردی كەركووك چاویان لە حزبە سیاسییە كوردییەكانە، بە تایبەتی پارتی، كە قەرەبوویان بكاتەوە.

نەجوا كاكەیی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەسەر پارێزگەی كەركووك، پێشبینی ئەوە دەكات كە پارتەكەی بتوانێت لە كۆی 15 كورسی ئەنجوومەنی پارێزگەكە، جگە لە كورسی كۆتای كریستیان، سێ كورسی بە دەست بێنێت.

روونی كردەوە، خەڵكی كەركووك، بە تایبەتی كوردی ئەو پارێزگەیە، بە پەرۆشەوەن بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكە و گەڕاندنەوەی هاوسەنگیی و بەیەكەوەژیانی سیاسی و كۆمەڵگەیی لە كەركووك، بۆ ئەوەش پشت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و دادوەرانە دەبەستن كە مافی هەمووان مسۆگەر بكات.

كاكەیی دەڵێت، لەو هەڵبژاردنە كورد هەوڵی گەڕاندنەوەی ئەو هاوسەنگییە دەدات كە پێش 2017 هەبوو، هەروەها هەوڵی گەڕاندنەوەی ئەو پۆستانە دەدات كە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو لە كورد و پارتی بەتایبەتی، زەوت كران، لەو ناوەش گەڕانەوەی بارەگەكانی پارتی و بوونی سیاسی بۆ كەركووك، گڕوتینێكی بەهێزی بە كوردی كەركووك دا لە پیادەكردنی دیموكراسیەتێك كە 18 ساڵە لەو پارێزگەیە دابڕاوە.  

شایەنی باسە لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكان لە 2005، كورد بە یەك لیست بە ناوی "برایەتی" چووە ناو هەڵبژاردنەكە لە كەركووك و توانیان لە كۆی 41 كورسی، 26 كورسی بە دەست بێنێت، ئێستەش لە كەركووك 16 هاوپەیمانی كێبەركێ لەسەر 15 كورسی ئەنجوومەنی پارێزگەكە دەكەن، لەوانە كورد بە چەند لیستێك دەچنە ناو پرۆسەكەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل