بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە ئەوروپاوە دەگەڕێنەوە سلێمانی

:: PM:07:13:01/04/2024 ‌
پرۆژەی سیستمی ڕەوانەكردنی نیشتمانی NRMسیستەمێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ پشتیوانیكردنی هاووڵاتییانی گەڕاوەی دەرەوەی وڵات لە هەرێمی كوردستان.

سیستمەكە لە مانگی ئایاری 2023 بۆ یەكەمجار لە هەرێمی كوردستان و لە هەولێری پایتەخت دامەزرا.

سیستمەكە بریتییە لە خزمەتگوزاریی بێبەرانبەر بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان، وەك پێشكەشكردنی ڕاوێژ و ئاسانكاریی دابینكردنەوەی بەڵگەنامە فەرمییە نیشتمانییە لەدەستچووەكان و دابینكردنی و جێگەی نیشتەجێبوون و هاوكارییە تەندروستی و پەروەردەییەكان بۆ ئەو خێزانانەی پێویستییانە.

هاوكات لە دووبارە بەدەستخستنەوەی هەلی كار و جێگیربوونەوەی ئەو خێزانانە لەڕووی ئابوورییەوە هاوكاری دەكرێن.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە بۆ بەسیستمكردن و دیجیتەڵكردنی خزمەتگوزارییەكان و ئاسانكاری بۆ هاووڵاتییانی دەرەوەی وڵات لە كاتی گەڕانەوەیان، ئەمەش بە ئامانجی ئاوێزانكردنەوەیان بە كۆمەڵگە و دوورخستنەوەیان لە هەستكردن بە نامۆیی و بێمافی.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی كردووەتەوە كە سیستمەكەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بە پشتیوانیی ڕێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ كۆچ IOM و یەكێتیی ئەورووپا دامەزراوە و لە ئاییندەیەكی نزیك لە پارێزگای دهۆكیش دەكەوێتە كار.

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، سەنگێكی گەورە بە مافی هاووڵاتیبوون لە هەرێمی كوردستان دەدات، بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت مافی ئەو هاووڵاتی و خێزانانەش دابین بكات كە دەگەڕێنەوە خاكی وڵات و دەیانەوێت لە وڵاتی خۆیاندا بژین.



وشە - وشه‌