هۆشداری لە كاریگەرییەكانی تێكدانی گۆیژە لەسەر ژینگەی سلێمانی دەدرێت

:: PM:09:11:26/05/2024 ‌

تێكدانی سروشتی شاری سلێمانی و رووخاندنی شاخی ئەزمەڕ و گۆیژە و دروستكردنی پڕۆژەی نیشتەجێبوون، ناڕەزایەتیی گەورەی شەقام و رای گشتی بە دوای خۆیدا هێناوە، شارەزایان ئاماژە دەكەن كە ئەوەی لە سلێمانی روودەدات، كارێكی خراپ و مەترسیدارە و كاریگەریی خراپی لەسەر سروشت و ژینگە و هەوای شارەكە دەبێت.

لەلایەن كۆمپانیایەكەوە دەست بە بڕین و شێواندنی پێكهاتەی شاخی گۆیژە كراوە، بڕیارە پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوونی تێدا دروست بكرێت و بە نرخێكی خەیاڵی بە هاووڵاتییان بفرۆشرێتەوە، ئەوەش تێكدانی سروشتی شاری سلێمانییە، جیا لە رووخاندنی ئەو شاخەی كە هێمای ناسینەوە و جوانیی شارەكەیە.

رێباز لوقمان، مامۆستای زانكۆ و شارەزای جوگرافیا بە "وشە"ی راگەیاند، وێرانكردنی چیای گۆیژە كۆمەڵێك كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر شاری سلێمانی، كە شارێكی پیشەسازییە و ژمارەی دانیشتووانی یەك ملیۆن كەسە، ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێلی تێدایە و رۆژانە گازە پیسكەرەكان دەچنە ناو هەواوە و چەندین كاریگەیی جیاوازی تێدایە و شارەكە پیس دەكەن، كەواتە شاری سلێمانی پێویستی بە چارەسەری كێشە ژینگەییەكان هەیە.

باسی لەوەش كرد، دارستان و ناوچە سەوزاییەكان وەك سییەكانی شاری سلێمانی وان، ئەگەر سەرنجێكی ئەو شارە بدەین، ئەو پلانەی كە دانراوە بۆ ئەوەی شوێنی نیشتەجێبوون لە شاخەكان بنیات بنرێن لە پلانداناندا هەڵەیە، كۆمەڵێك كێشەی سروشتی و ژینگەیی دروست دەكات، ئەو سەوزاییانەی لە گۆیژە و ئەزمەڕ هەن، وەك سی وان بۆ خاوێنكردنەوەی هەوای سلێمانی، كە بە هاوین بەردەوام تەمێك ئاسمانی شارەكەی داگرتووە، بۆیە پێویستە ئەو شاخاوانە پارێزراو بن و بكرێنە ناوچەیەكی سەوزایی، گۆڕینی رەگەزی زەویش تەنیا لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیراندایە و هیچ دەسەڵات و لایەنێكی تریش ناتوانێت ئەو بڕیارە بدات.

لای خۆیەوە سوبحان حوسێن، پسپۆڕی ژینگە بە "وشە"ی گوت، ئەوەی بەرانبەر زەوی و سروشت و ژینگەی ناوچەكە لە شاری سلێمانی ئەنجام دەدرێت، ئەتوانین بە شێرپەنجە ناوی بێنین، سلێمانی شارێكی بێخاوەنە لە رووی سروشت و ژینگەوە، هەمووان لە یاد و بۆنە و قسە بێكردارەكان دەیانەوێ سلێمانی سەوز بكەن، كەچی پاشتر وێرانی دەكەن، ئەوەی چەند ساڵێكە روودەدات، بەتایبەتیش ئەوەی چەند رۆژی رابردوو لابردن و تێكدانی رووبەری سەوزایی شارەكەیە بەرانبەر بە دروستكردنی شوقە و پڕۆژەی نیشتەجێبوون.

دووپاتی كردەوە، پێویستە هەرچی زووە لایەنی پێوەندیدار بێتە سەر خەت، چونكە ناكرێ ژینگەی شارێك بكرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی كەسانێك، سلێمانی پێویستی بە ژینگەیەكی باشتر و سەوزاییەكی فراوانتری هەیە نەك ئەوەشی هەیە لاببرێت، ئەمە لە داهاتوودا كاریگەرییەكانی دەردەكەون.

پێوەست بەو بابەتەوە ئاكۆ رەسووڵ، چالاكی مەدەنی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، ئەوەی چەند ساڵێكە لە شاری سلێمانی روودەدات لە دنیا هاوشێوەی نەبووە، بە سەرزەوەییەوە نەوەستان، ئێستە روویان لە بەرزایی و شاخەكانی شارەكەش كردووە، بێدەنگیی خەڵك و لایەنی پێوەندیدار وا دەكات دەست بۆ شاخەكانیش ببەن، ئەو شاخانەی تاكە شوێنن كە تەلبەند نەكراون و خەڵكی ئەم شارە دەتوانن پشویەكی تێدا بدەن.

ئاماژەی كرد، ئێستە لەبەر خاتری ملیۆنان دۆلار دەستیان بۆ هێڵی سووری ئەم شارە بردووە، ئیتر قابیلی قبووڵكردن نییە، دەركەوت ئەم كۆمپانیایە و خاوەنەكەی سەرمایەداری نیشتمانی نین و هیچ پرەنسیپێكیان نییە و ئەگەر نەوەستێندرێن بەمەوە ناوەستن.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت