پڕۆژەیەك بۆ خەساندنی دەستدرێژیكارانی سێكسی بۆ سەر منداڵان پەسند دەكرێت

:: PM:05:16:05/06/2024 ‌

دەستەی یاسادانان لە ویلایەتی لویزیانای ئەمەریكی، كە كۆمارییەكان بەسەریدا باڵادەستن، رەزامەندیی لەسەر پڕۆژەیاسایەك دا دەسەڵات بە بە دادوەران دەدات، بۆ خەساندنی بە نەشتەرگەریی ئەو كەسانەی تاوانی مەترسیداری سێكسییان بۆ سەر منداڵانی خوار 13 ساڵ بەسەر ساغ دەبێتەوە.

پڕۆژەیاسا نوێیەكە پاڵپشتییەكی زۆری لە هەردوو ژووری ئەنجوومەنی یاسادانانی ویلایەتەكە بە دەست هێنا كە كۆمارییەكان بەسەر هەردووكیدا زاڵن، لەوكاتەی ناڕەزایەتییەكان زیاتر لەلایەن دیموكراتەكان بوو، ئەگەرچی ئەو ئەندامەی پڕۆژەیاساكەی پێشكەش كردووە ریجینا پارو سیناتۆری دیموكرات بوو. 

پارو سەبارەت بە پڕۆژەیاساكە دەڵێت، خەساندن بە نەشتەرگەری هەنگاوێكی ترە بۆ سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە قێزەونە، هیوای خواست ببێتە رێوشوێنێكی بەرپەرچدانەوە بۆ تاوانەكە، ئێمە باسی ئەو منداڵانە دەكەین كە مافەكانیان لەلایەن كەسانێكەوە پێشێل دەكرێت، ئەوەش كارێكە ناتوانرێ بە هیچ شێوەیەك پاساوی بۆ بهێنرێتەوە.  

ئەگەرچی خەساندن زیاتر پێوەستە بە نێر، پارو دووپاتی كردەوە كە دەتوانرێت یاساكە بەسەر مێیینەش جێبەجێ بكرێت، سەپاندنی سازاكە بەپێی بارودۆخی هەر حاڵەتێك و هەڵسەنگاندنی دادوەر دەبێت و هەڕەمەكی نابێت.

ئەو پڕۆژەیاسا نوێیە پێویستی بە رەزامەندیی جیف لاندری، فەرمانداری ویلایەتەكە دەبێت، كە ئەویش كۆمارییە، بۆ ئەوەی ببێتە یاسایەكی بەركار، بەوەش لویزیانا دەبێتە یەكەم ویلایەت لە ئەمەریكا كە ئەو جۆرە سزایە، واتە خەساندن بە نەشتەرگەری بە یاسا جێبەجێ بكات، وەك تۆڕی هەواڵی "سی بی نیوز" بڵاوی كردەوە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل