"ورەی پێشمەرگە و هێزە تەناهییەكان زۆر لەوە بەهێزترە كە بەغدا زەفەری پێ ببات"

:: PM:11:20:08/06/2024 ‌

 مامۆستایانی زانكۆ و نووسەر و چاودێرانی سیاسی ئاماژە دەكەن كە بەغدا بە مەبەست كێشە بۆ  مووچەی هێزە تەناهییەكانی هەرێم دروست دەكات، بۆ ئەوەی كێشە بۆ ئارامیی هەرێم دروست بكا و هێزە تەناهییەكان لە كارەكانیان خاو بكاتەوە، دووپاتیان لەوە كردەوە كە كورد و هێزی پێشمەرگە و هێزە تەناهییەكان زۆر لەوە گەورەترن كە بەغدا بیەوێ زەفەریان پێ ببات.

لەمبارەیەوە د. نەزاكەت حەمەسەعید، مامۆستای زانكۆی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بەدڵنیاییەوە ئەو بەربەستانەی لەبەردەم مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دروست دەكرێ بێ مەرام و مەبەست نییە، بێگومان ئەوان دەیانەوێ بێمتمانەیی لە نێوان هاووڵاتییان و حكوومەت دروست بكەن، بۆیە بەدڵنیاییەوە كێشە دروستكردن بۆ مووچەی هێزە تەناهییەكان مەبەست لێی دروستكردنی كێشەیە بۆ سەقامگیریی هەرێمی كوردستان.

روونی كردەوە، ئەوان بیانوو دوای بیانوو دەگرن و كێشە دوای كێشە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دروست دەكەن، پێیان وایە ئەگەر مووچە و شایستەی دارایی هێزە تەناهییەكانی هەرێم كێشەی تێ بكەوێ دۆخەكە باش نابێت، لە ئەرك و كارەكانیان سارد و لاواز دەبنەوە، بەڵام ورەی هێزی پێشمەرگە و هێزە تەناهییەكانی تری كوردستان زۆر لەوە بەهێزترە كە بەغدا بیەوێ زەفەری پێ ببات و هەرگیز چۆك دانادات.

لای خۆیەوە د. رێبین سەلام مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی گوت، دەمێكە دوژمنانی كورد دەیانەوێ بزانن ژمارەی هێزی پێشمەرگە و هێزە تەناهییەكانی كوردستان چەندە، كە ئاوا بەهێز و بە ورە و نەبەردن، بەڵام هیچكات ئەو مەرامەی دوژمن نەهاتووەتە دی، ئەمەش بووەتە گرێیەكی دەروونی لای دوژمن كە ژمارەی هێزەكە بزانێت.

ئاماژەی كرد، خودی عێراق بێمتمانەیە و بیانوو دەگرێ و كێشە بۆ هەموو بوارەكانی هەرێم دروست دەكات، بەڵام بۆ پارە سوپای پاسداران و میلیشیاكانی تر هەیە، تەنانەت هاوكاریی حوسییەكان دەكا و هیچ كێشەیەكیان نییە و نە ژمارە و نە ناو و نە زانیارییان نییە، ئەمە دەرخەری ئەوەیە كە لە عێراق بە تەواوی بێ مۆراڵی و بێ متمانەیی هەیە و هەرێمی بە خۆیەوە گیرۆدە كردووە.

پێوەست بەو بابەتە سۆران خاكی، نووسەر و چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، ئاشكرایە دوای چەندین رێككەوتن لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراق، ئەوەی تێبینی دەكرێ بەغدا ناچێتە ژێر باری جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان و هەر جارە و بە بیانووێك خۆی لە جێبەجێكردنیان دەدزێتەوە، ئەوەش ئەوەمان بۆ روون دەكاتەوە كە ئاراستەیەك لە پشتەوەی حكوومەتی عێراق هەیە و ناهێلێت رێككەوتنەكان بچنە واری جێبەجێكردنەوە .

دووپاتی كردەوە، حكوومەتی هەرێم هیچ بیانووێكی بۆ بەغدا نەهێشتووەتەوە و پابەندی تەواوی خاڵەكانی رێككەوتنەكان بووە، دوایین بیانووی بەغداش ناردنی لیستی هێزە تەناهییەكان و پێشمەرگە بوو، ئەوەتا ئەویش لە جێبەجێكردندایە و ئەم بیانووەش ناهێڵرێت، هەروەها چەند رۆژی رابردوو یاسای بودجەش هەمووار كرایەوە و بۆ ساڵی 2024 پڕۆژەیاسایەكی تازە پەسند كرا، تیایدا مانگانە 965 ملیار دینار وەك ماف و شایستە داراییەكانی مووچەخۆران جێگیر كراوە.

"ئەگەر بەغدا نیازی پاك بێت، دەبێت مانگانە ئەم بڕە پارەیە بێ هیچ بیانووێك رەوانە بكا لە دەرەوەی رەوانەكردنی لیست و بیانووی بێ بنەما، چونكە پێویست بە هیچ لیستێك ناكا و ئەو بڕە پارەیە مافی گشت مووچەخۆر و فەرمانبەرانە"، سۆران خاكی، نووسەر و چاودێری سیاسی وای گوت.

وشە/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل