وەزارەتی راگەیاندنی كوێت ئەمڕۆ رای گەیاند، ئاگر لە باڵەخانەیەكی نیشتەجێبوون لە ناوچەی مەنقەف لە باشووری پایەتەخت كەوتووەتەوە، بەهۆیەوە زیاتر لە 30 كەس گیانیان لە دەست داوە و دەیانی تریش بریندارن.
پێگەی ئەلیكترۆنیی "
شەرق ئەوسەت" ئەمڕۆ چوارشەم 12ی حوزیران بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی ئەوەی وەزارەتی راگەیاندنی كوێت بڵاوی كردووەتەوە، ئەو باڵەخانەیەی ئاگرەكەی لێ كەوتووەتەوە، شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانە لە ناوچەی مەنقەف، بۆیە زیانەكانی زۆرن كە تا ئێستە زیاتر لە 30 كەس گیانیان لە دەست داوە و دەیانی تریش بریندارن و بۆ نەخۆشخانەكان گوازراونەتەوە.
وەزارەتەكە دەڵێ لە نزیكەوە چاودێریی دۆخی تەنروستیی بریندارەكان دەكەین، هاوئاهەنگی لەگەڵ نەخۆشخانەكان و لایەتی پێوەندیدار لە تەندروستی كراوە، تا هەرچی پێیان دەكرێ لە هەوڵی چارەسەركردنی بریندارەكان بن، بۆ ئەوەیش چەندان تیمی تەنروستی بەگەڕ خراون بۆ ئەو مەبەستە، هاوكات پاڵپشتیی دەروونی و مەعنەویی كەسوكاری ئەوانی گیانیان لە دەست داوە و بریندارەكان دەكەن.
بەپێی راگەیاندنەكانی ئەو وڵاتە، یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی كوێت و وەزیری ناوخۆ شێخ فەهد یوسف، شوێنی رووداوەكەی بەسەر كردەوە و فەرمانی كرد لێكۆڵینەوە لەوە بكرێ هۆكارەكەی چی بووە، بۆیە خاوەنی باڵەخانەكەیان گرتووە تا لێكۆڵینەوەی ورد و زیاتر بكرێت.