لە ماوەی كاركردنی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵێنی ئەوە بە جووتیارانی ناوخۆ درا كە بەرهەمەكانیان لە رێی دۆزینەوەی بازاڕ لە دەرەوە هەناردەی وڵاتان دەكرێت، سەرۆكی حكوومەت بەڵێنەكەی بەجێ گەیاند و توانرا چەندین بەرهەمی ناوخۆیی جووتیاران رەوانەی دەرەوە بكرێ و بازاڕی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەوەش پێمان دەڵێت كە بەو پاڵپشتییەی حكوومەت بۆ بەرهەمی ناوخۆ دەیكات، كشتوكاڵ لە هەرێم هەنگاوی گەورەی ناوە.
ناردنەدەرەوەی بەرهەمی ناوخۆی جووتیاران، گرنگیدانە بە توانا و لێهاتوویی جووتیار، لە ماوەی كابینەی نۆدا توانراوە چەندین بەرهەمی كشتوكاڵ، كە جووتیاران بەرهەمیان هێناوە، هەناردەی وڵاتانی كەنداو و ئەوروپا بكرێت و وەك مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەت گوتی، شۆڕشەكە بەردەوام دەبێت.
شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، چەندین جۆر بەرهەمی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان رەوانەی دەرەوە دەكرێ و بەشێكی بەرهەمی جووتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانییە، ئێمە سەیری رێژەكە ناكەین، ئەوەی گرنگە ناساندنی بەرهەمی هەرێمی كوردستانە.
روونی كردەوە، ئەوەش بە دڵنیاییەوە پێشكەوتنە لە بواری كشتوكاڵدا، هەوڵێكی گرنگ و بەجێیە و دەمانەوێ خەڵكی دەرەوە و وڵاتان بەرهەمی هەرێم بناسن و دواتر خواست لەسەر ئەو بەرهەمانە دروست دەبێت، ئەمە رێگایەكە بۆ بەبازاڕكردن و دواتر شوێنی بەرهەمی هەرێمی دەكەون، یەكێكە لە رێگاگانی پێشكەوتنی كشتوكاڵیش.
لای خۆیەوە فەلاح كوڵكنی، جووتیار بە "وشە"ی گوت، ئەمساڵیش وەك ساڵی رابردوو چەندین بەرهەمی كشتوكاڵی، كە بەرهەمی دەستی جووتیارە لێهاتووەكانی هەرێمی كوردستانە، رەوانەی دەرەوە دەكرێت، ئەمە زۆر گرنگ و دڵخۆشییە بۆ جووتیار، بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر لە جووتیاران بەرهەمەكانیان رەوانەی دەرەوە دەكرێ و بازاڕێكی جیاواز بۆ ساغكردنەوە فەراهەم دەبێت.
دووپاتی كردەوە، چەندین جووتیار لەو هەنگاوەی حكوومەتی هەرێم سوودمەند دەبن، ئەمە هەنگاوێكی گرنگیی پێشكەوتنی كەرتی كشتوكاڵە لە هەرێم، بۆیە گرنگیدان بە كەرتی كشتوكاڵ و بەرهەمی ناوخۆ و پاڵپشتی و هاوكاریكردنی جووتیاران جێگەی دڵخۆشییە.
پێوەست بە بابەتەكە ئیدریس ئیسماعیل، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەناو هۆڵی پەرلەمان لەكاتی خوێندنەوەی كارنامەی كابینەكەی، بەڵێنی ئەوەی بە جووتیاران دا كە كێشەكانیان چارەسەر بكات و پاڵپشت و هاوكارییان دەبێت و كاری گرنگ لە بواری پێشخستن و پەرەسەندنی كشتوكاڵ دەكات، لە رووی مەعنەوییەوە هاوكاری جووتیاران دەبێت، هەروەها بەڵێنی دۆزینەوەی بازاڕی بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان و هەناردەكردنی بەرهەمی جووتیاران پێ دان.
ئاماژەی كرد، سەرۆكی حكوومەت بەڵێنەكەی بردە سەر، ئێستە هەرێمی كوردستان چەندین بەرهەمی كشتوكاڵی هەناردەی دەرەوە دەكا و بازاڕەكانی دەرەوە بە بەرهەمی كشتوكاڵی جووتیارانی هەرێم رازاوەتەوە، لەپاڵ ئەوە سەرۆكی حكوومەت لە هەوڵەكانی و ناردنە دەرەوەی بەرهەمی جووتیاران بەردەوام دەبێت، جووتیارانیش بەو هەوڵە دڵخۆشن، چونكە ئەوان هەمووكات لە خەمی ئەوەدان چۆن بەرهەمەكانیان ساغ بێتەوە، كە ئەگەر سوودێكی زۆریش نەكەن رووبەڕووی زەرەر نەبنەوە.
"لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینی، ئەوەشمان بیر نەچێت كە ئێستە هەرێم لە چەندین بەرهەمی كشتوكاڵی لە ئاستی خۆبژێویدایە و توانای هەیە بەشی عێراقیش بنێرێت، كە ئەمەش گرنگە و دەتوانین ئەوە بڵێین لە ساڵانی داهاتوو هەرێم هەناردەكارێكی گرنگی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان دەبێت"، ئیدریس ئیسماعیل، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان وا دەڵێت.
جێگەی باسە، هەناردەكردنی هەناری هەرێم لە ماوەی ساڵی رابردوودا، دەستكەوتێكی گرنگ و گەورەی حكوومەت بوو، كە تێیدا سەرۆكی حكوومەت پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ بەرهەمی ناوخۆ راگەیاند، بە دەیان هەزار تۆن هەنار رەوانەی دەرەوەی كوردستان كرا و دابەشی چەند وڵاتێك كران، بڕیاریشە لە ساڵانی داهاتوو هەناردەكردنی بەرهەمی ناوخۆیی، بەتایبەتی هەنار بەردەوام بێت.
وشە/ تایبەت