عێراقییەكان لە مانگێكدا یەك ملیار و 500 ملیۆن لیتر بەنزین دەسووتێنن، دامەزراوەیەكیش ڕای دەگەیەنێت، لە هاویندا ئەو رێژەیە دەبێتە دوو هێندە.
مەنار عوبەیدی سەرۆكی دامەزراوەی عێراقی داهاتوو بۆ توێژینەوەی ئابووری، لە لێدوانێكدا رۆژنامەوانیدا رای گەیاند: بەگوێرەی توێژینەوەیەكی دامەزراوەكەیان، خەڵكی ئەو وڵاتە لە مانگەكانی وەرزی هاویندا سێ ملیار لیتر بۆ هەر مانگێك دەسووتێنن.
بەگوێرەی توێژینەوەی دامەزراوەكە، دانیشتووانی بەغدا لە مانگەكانی وەرزی زستاندا، لە مانگێكدا 520 ملیۆن لیتر بەنزین دەسووتێنن، بەڵام لە وەرزی هاویندا ئەو بڕە بۆ ملیارێك و 500 لیتر بەرز دەبێتەوە.
توێژینەوەی دامەزراوەكە دەڵێت، عێراقییەكان لە مانگێكدا بڕی یەك تریلۆن و 200 ملیار دینار لە كڕینی بەنزیندا خەرج دەكەن و ئەم بڕە بە هەرێمی كوردستانیشەوە.
بەشێكی زۆری ئەو بەنزینەی لە بازاڕەكانی عێراقدایە، لە دەرەوە هەناردە دەكرێت و بەشێكیشی لە ناوخۆدا، ئەم ڕێژە زۆرەی پێویستی خەڵكی ئەو وڵاتە بە بەنزین، وایكردووە ڕۆژانە ژینگەكەیان پیستر و گەرمتر بكەن.