هێڤی جه‌بار خاتوونه ئه‌كته‌ری بواری شانۆ، تا ئێسته به‌شداری چه‌ند شانۆگه‌رییه‌كی كردووه و وه‌ك ده‌رهێنه‌ریش كاری كردووه، هێڤی ده‌رچووی په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانی سلێمانییه و ته‌مه‌نی 20 ساڵه، وه‌ك خۆی ده‌ڵێ، له منداڵییه‌وه خولیای كاری هونه‌ری هه‌بووه.
لای تۆ ئه‌ستێره‌ی یه‌كه‌می نواندن كێیه؟
ئه‌ستێره‌كان زۆرن، بۆیه ناتوانم ته‌نیا یه‌ك ناوی دیاریكراو بڵێم، به‌بۆچوونی من هه‌ر هونه‌رمه‌ندێك بوێری بكه‌ن له به‌رچاوی بینه‌رێكی زۆردا نواندن و داهێنان بكه‌ن، ئه‌وا بۆ خۆی ئه‌ستێره‌یه‌كه.
تا ئێسته باشترین كاری خۆت ده‌ستنیشان كردووه؟
باشترین كاری هونه‌ری من به‌شداریكردنم وه‌ك ئه‌كته‌رێك له شانۆگه‌ریی شالیر و جادووگه‌رانی ماكبێس له ده‌رهێنانی مامۆستا كامه‌ران ره‌ئووفه، بۆیه به باشترین كاری هونه‌ری داده‌نێم، چونكه یه‌كه‌م ئه‌زموونی كاركردنم بوو له ده‌ره‌وه‌ی په‌یمانگه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی به توانا، هه‌روه‌ها چه‌ندان خه‌ڵاتی به‌ده‌ست هێنا له به‌غدا.
بۆچی زوو وه‌ك ده‌رهێنه‌ر كارت كرد ئایا نواندنت خراپ بوو؟
به پێچه‌وانه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌زموونی كاری ده‌رهێنانم نه‌كردبوو، هه‌روه‌ها ده‌رهێنه‌ری ئافره‌تمان زۆر كه‌مه، بۆیه حه‌زم كرد به‌تایبه‌ت ده‌رهێنان بخوێنم و زانیاریم له‌باره‌ی هه‌بێت، چونكه سوودێكی گه‌وره‌ی ده‌بێت بۆ نواندن، هه‌روه‌ها نواندنێكی باشت نه‌بێت، ئه‌وا نا‌توانیت ببیت به ده‌رهێنه‌رێكی باش .
ئه‌م رۆڵانه چین كه حه‌ز ده‌كه‌یت به‌رجه‌سته‌یان بكه‌یت؟
حه‌ز ده‌كه‌م رۆڵێك به‌رجه‌سته بكه‌م كه چیرۆكی كاره‌كته‌ره‌كه وێنای هه‌موو ئه‌و ژنه كورده ئازا و به‌جه‌رگانه بكات كه زۆرترین نه‌هامه‌تییان به‌سه‌ردا هاتووه، به‌ڵام به‌هێزی و خۆڕاگری ماونه‌ته‌وه و چۆكیان بۆ هیچ كه‌سێك دانه‌داوه، حه‌ز ده‌كه‌م له‌و كارانه‌دا به‌شداری بكه‌م كه چیرۆكی ده‌قه‌كه كوردییه.
به‌بۆچوونی تۆ هۆكار چییه هیچ ده‌زگایه‌ك نییه هاوكاریی شانۆ بكات؟
ناتوانم بڵێم هیچ ده‌زگایه‌ك نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌بێت زۆر كه‌مه و زۆرینه‌ی ئه‌و ده‌زگایانه‌ی هاوكاریی شانۆ ده‌كه‌ن، پێوه‌ندی كه‌سی یا حزبی به‌یه‌كه‌وه ده‌یانبه‌ستێته‌وه، نه‌بوونی هۆڵی راهێنان و دابین نه‌كردنی هاتوچۆ وا ده‌كات كاری هونه‌ری روو له كه‌مبوون بكات.
تۆ بۆ چ شتێك زۆر ماندوو بوویت و زۆرت هه‌وڵ دا و پێی نه‌گه‌یشتوویت؟
له ئه‌زموون وه‌رگرتن و هه‌وڵدان، سه‌ره‌تای رێمه شتێكی گه‌وره رووی نه‌داوه تا بڵێم نه‌گه‌یشتووم به خه‌ونه‌كه‌م، رێیه‌كی زۆرم له پێش ماوه هیچ شتێك و هیچ كه‌سێك ناتوانێ رێگر بێت له به‌رده‌م خوێندنه‌كه‌م، چونكه خێزانه‌كه‌م پاڵپشتمن.
تا ئێسته له پێناو هونه‌ره‌كه‌ت چ شتێكت له ده‌ست داوه؟
تا ئێسته شتێكی گه‌وره نییه بڵێم له ده‌ستم داوه، به‌ڵام ده‌زانم له داهاتوودا به‌هۆی كاركردنی زۆر و په‌یدابوونی ناوبانگ، له‌وانه‌یه ئازادی له ده‌ست بده‌م و نه‌توانم بۆ هه‌موو شوێنێك بچم و ده‌بێت سنوورێكم هه‌بێت.
ئه‌و هه‌موو توانج و رقوكینه له تۆڕه كۆمه‌ڵاتییه‌كان بڵاو ده‌كه‌یته‌وه بۆ كێیه؟
تاكه شت كه له دڵ و ده‌روونم ده‌رمكردبێت رقه، به‌لاَم هه‌ندێك جار هه‌ڵوێستم ده‌بێت بۆ شتێك كه ناهه‌ق بێت، كاری هونه‌ری هه‌بووه تێیدا به‌شدار بووم، هه‌م هه‌قی ماندووبوونم و هیلاكیان خواردووم، هه‌م بێ رێزییان به‌رانبه‌ر كردووم، هه‌ندێك جار كه به‌ر ئه‌و جۆره ده‌رهێنه‌ر و ئه‌كته‌رانه ده‌كه‌ویت، هیچ حه‌زێكت بۆ هونه‌ر نامێنێت كه هه‌ندێك كه‌س هه‌یه به‌خۆیان ده‌ڵێن هونه‌رمه‌ند، كاتێك ده‌رهێنه‌ری ده‌ته‌وێت په‌یامێك بگه‌یه‌نیت به جه‌ماوه‌ر و بینه‌ره‌كه‌ت، ده‌بێت خۆت سه‌ره‌تا جێبه‌جێی بكه‌یت، ناكرێت تۆ ده‌سه‌ڵات و حكوومه‌ت به دز بزانیت، له كاتێكدا خۆشت خه‌ریكی ئه‌و كاره‌یت و به خه‌ڵك ده‌ڵێیت كارێكی خراپه.
وشه/ ئه‌حمه‌د تاریق