نەجەف.. ئاهەنگێكی هاوسەرگیرى گۆڕا بۆ پرسە

:: PM:10:50:13/06/2024 ‌
لە پارێزگاى نەجەف، شایی و ئاهەنگێكی هاوسەرگیرى گۆڕا بە ماتەم و سەرچاوەیەكی پۆلیس رای گەیاند، لە ئاهەنگێكی هاوسەرگیریدا 12 كەس كوژران و برینداربوون، ئەمەیش لە ئەنجامی دروستبوونی شەڕ لە نێوان چەند كەسێكدا. 

ئەمشەو پێنجشەم 13ی حوزەیرانی 2024، سەرچاوەیەكی پۆلیس لە پارێزگای نەجەف بە ماڵپەڕی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، لە ئەنجامی دروستبوونی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی چەكداری لە نێوان چەند كەسێكدا لە هۆڵێكی ئاهەنگی هاوسەرگیریدا 11 كەس بریندار بوون و كەسێكیش گیانی لە دەست دا، یەكێك لە بریندارەكانیش برینەكەی سەختە. 

لە زانیارییەكانی پێگە هەواڵییە عێراقییەكەدا ئەوەیش هاتووە، تا ئێستە هۆكاری شەڕەكە نەزانراوە و بە دیاركراویش لە گەڕەكی "حەی میلاد"ی پارێزگاكە رووداوەكە رووی داوە، تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵەیش هیچ راگەیەنراو و زانیارییەكی فەرمی لەبارەی هۆكاری رووداوەكە رانەگەیەنراوە.


وشە - پۆڵا مەحموود