بزووتنەوەی بەرگریی ئیسلامیی فەڵەستینی "حەماس" بەنیازە نووسینگەیەكی بزووتنەوەكە لە بەغدای پایتەختی عێراقدا بكاتەوە، سەرچاوەیەكی باڵایش رەتی دەكاتەوە بزووتنەوەكە نیازی دروستكردن و كردنەوەی سەربازگەیەكی هەبێت لە دەوروبەری بەغدا.
سەرچاوەیەكی بەرپرس و باڵا بە پێگەی هەواڵیی "شەفەق نیوز"ی راگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا نووسینگەی پێوەندییەكان و راگەیاندنی بزووتنەوەی حەماس لە بەغدای پایتەختی عێراقدا دەكرێتەوە. ئاماژەیشی كردووە، نووسینگەكە بە مۆڵەتی فەرمیی حكوومەتی عێراق دەبێت.
لەبارەی كردنەوەی سەربازگەی بزووتنەوەی حەماسیشەوە لە دەوروبەری بەغدا، سەرچاوەكە رەتی كردەوە كە هیچ نیازێكی لەمجۆرە لە ئارادا بێت و ئەوەی هەیە تەنیا نووسینگەی پێوەندییەكان و راگەیاندنی بزووتنەوەكەیە و لەناو بەغدایش دەبێت نەك لە دەوروبەریدا.
ئەم هەوڵەی بزووتنەوەى حەماس دوای ئەوە دێت كە سەركردەكانی بزووتنەوەکە لە ئێستەدا نیشتەجێی دەوحەى پایتەختى قەتەڕن و بەهۆی گرژییەكانی ئەم دواییەی غەزەوە ئاڵۆزی لە پێوەندییەكانی نێوان سەركردەكانی حەماس لە قەتەڕ و بەرپرسانی قەتەڕی دروست بوو.