نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران كرد

:: PM:03:31:14/06/2024 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران و شاندێكی یاوەری كرد.

ئەمڕۆ هەینی 14ـی حوزەیران، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە هەولێر لەگەڵ عەلی باقری سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران و شاندێكی یاوەری، كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا دووپاتیان لە گرنگیی پێوەندییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستاندا لەسەر بنەمای دراوسێیەتیی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش كردەوە، هەروەها خواستی دوولایەنەیان بۆ برەوپێدانیان بەتایبەتی لە بواری ئابووری و بازرگانیدا نیشان دا.

باقری، سوپاس و پێزانینی كۆماری ئیسلامیی ئیرانی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە كە ئاسانكاری پێشكەش بە زیارەتكارانی ئێرانی دەكات كاتێك لە دەوازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانەوە سەردانی مەزار و شوێنە پیرۆزە ئایینییەكان لە باشووری عێراق دەكەن.

لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی سوپاسی یارمەتی و پشتگیریی ئێرانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان كرد و دووپاتی لە هەبوونی پێوەندییەكی باشی نێوانیان كردەوە، هەروەها ئێرانی بە وڵات و دراوسێیەكی گرنگ لە قەڵەم دا. لەمبارەیەوە ئاماژەی بە پێوەندیی لەمێژینەیان كرد.

دۆخی ناوچەكە بەگشتی و چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو كە ژمارەیەك لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، ئامادەی بوون.



وشە - رامیار جەواد