بڕیارە لەگەڵ كۆتاهاتنی پشووەكانی جەژن و دەستپێكردنەوەی دەوامی حكوومەت، وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ مووچەی دەزگا تەناهییەكانی كوردستان بنێرێت.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی بەمیدیاكانی ڕاگەیاندووە، لەگەڵ كۆتاهاتنی پشووەكانی جەژن، مووچەی پێشمەرگە و دەزگا تەناهییەكانی كوردستان بۆ مانگی ئایار دەنێرێت.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی عێراق ئەوەشی گوتووە، بڕیار بوو پێنجشەمی ڕابردوو ڕێكارەكانی ناردنی مووچەی ئەو دەزگایانە تەواو بكرێت و مووچەی هێزە تەناهییەكان و پێشمەرگە ڕەوانە بكرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی كاتەكە كەوتە ناو پشووەكانی جەژنەوە ڕێكارەكان جێبەجێ نەكران.
وەزارەتی دارایی ئەوەشی ئاماژەی بەوەش داوە، بڕیارە لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دەوامی فەرمی لە عێراق، رێكارەكان تەواو بكرێن و بودجەی پێویست بۆ مووچەی مانگی پێنجی هێزە تەناهییەكان و پێشمەرگەی كوردستان بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان.
بەهۆی وردبینی لە لیستی مووچەی هێزە تەناهییەكانی كوردستان، مووچەی مانگی پێنجیان وەرنەگرتووە و بڕیاربوو پێش جەژن هەردوو مووچەكە پێكەوە وەربگرن، بەڵام بەغدا تەنیا مووچەی مانگی چواری بۆ خەرج كردن.