عێراق ڕووبەڕووى ترسناکترین جۆرى دووپشک دەبێتەوە

:: PM:07:26:19/06/2024 ‌

تەندروستیی دیالە ڕای گەیاند، ئەمڕۆ چوارشەم 19ى حوزەیرانى 2024، بنکە تەندروستییەکانی زیاتر لە 20 شاریان ئاگەدار کردووەتەوە کە دژەژەهری تایبەت لە بنکەکانیان هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ترسناکترین جۆری دووپشک لە جیهان. 

فارس عزاوى، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستیی دیالە لە چاوپێکەوتنێکدا راى گەیاند، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانى گەرما لە زۆربەی شوێنەکان حاڵەتی پێوەدانی دووپشکی ژەهراوی تۆمار کراوە، بەتایبەتى لە جۆری "جەرار" کە بە ترسناکترین جۆر دادەنرێت لە جیهاندا، ئەمەیش بەهۆی زۆرى ڕێژەی ژەهرەکەی کە ژیانى ئەو کەسە دەخاتە مەترسییەوە ئەگەر لە کاتی خۆیدا بە دژەژەهر چارەسەر نەکرێت .

زیاتر گوتى، ئەم دژەژەهرە بەسەر هەموو بنکە تەندروستییەکان دابەش کراوە، هەروەها لە ئەگەری نەبوونی دژەژەهرەکە هێڵی پێوەندیى گەرمی تایبەتییان بۆ داندراوە بۆ ئەوەی بەزووترین کات دژەژەهرەکە بگەیەنن بە شوێنی مەبەست .

هەروەها ئاماژەى دا، دژەژەهری تایبەت بە ژەهری ماریش لە بەعقوبە دابین کراوە، بەمەبەستى دابەشکردنى بەسەر ناوچەکانى تر.

دانیشتووانى پارێزگاى دیالە، بە تایبەت گوندەکانى، ڕووبەڕووی پێوەدانی مار و دووپشکی ژەهراوی دەبنەوە، "جەرار" ئەو ناوەیە کە لە جۆرێک لە جۆرەکانی دووپشک نراوە، ئەم جۆرە بەتایبەت لە ناوچە کشتوکاڵییەکان بەربڵاوە و بووەتە هۆکاری گیان لە دەستدانی زۆر لە هاووڵاتییان لە نێوانیان منداڵانیش.


وشە - رزگار خدر