سبەی كرایە پشوو

:: PM:02:16:22/06/2024 ‌
ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار بڕیاری دا، سبەی لە سەرجەم فەرمانگە حكوومییەكانی ئەو پارێزگایە بكاتە پشوو، ئەویش بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما.

ئەمڕۆ شەموو 22ـی حوزەیران، لە بڕیارێكی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقاردا هاتووە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، بڕیارمان دا لە پارێزگای زیقار، سبەی یەكشەم پشووی فەرمیی بێت.

لە بڕیارەكەدا هاتووە، ئەو پشووە سەرجەم فەرمانگەكان دەگرێتەوە، بەڵام قوتابیانی شەشی ئامادەیی ناگرێتەوە و تاقیكردنەوەیان هەیە.

بەپێی پێشبینییەكانی دەستەی كەشناسیی عێراق بۆ سبەی لە پارێزگای زیقار و بەسرە 51 پلە و لە پارێزگاكانی موسەننا و واست 50 پلەی سیلیزی تۆمار دەكرێت.

هاوكات سەرۆك وەزیرانی عێراق دەسەڵاتی داوە بە پارێزگاكانی ئەو شارانە كە پلەی گەرما تێیاندا زۆر بەرز بێت، پشوو رابگەیەنن.



وشە - رامیار جەواد