ڤاكسینی شێرپەنجە لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو لەسەر مرۆڤ تاقی دەكرێتەوە

:: AM:09:30:23/06/2024 ‌
بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی گامالیای رووسیا رای گەیاند، ڤاكسینی شێرپەنجە قۆناغی باشی بڕیوە و ناوەڕاستی ساڵی‌ داهاتوو دەچێتە بواری تاقیكردنەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 23ـی حوزەیران، ئەلێكساندەر گینتسبۆرگ بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی گامالیای ڕووسیا بۆ پەتاكان رای گەیاند، بڕیارە تا ناوەڕاستی ساڵی 2025 دەست بە تاقیكردنەوە بكەن و ڤاكسینەكە لەسەر نەخۆش تاقی بكەنەوە.

باسی لەوەش كرد، ئێستە ڤاكسینەكە لە توێژینەوەكانی پێش كلینیكیدا لەسەر مشك تاقی دەكرێتەوە، ئەم تەكنەلۆجیایەش نەك تەنیا بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی ئەو ئاژەڵانەی كە تووش بوون، بەڵكو پەرەی پێ دەدرێت بۆ دروستكردنی ئەو جۆرە دەرمانانەش كە هەنگاوێكە بۆ لەناوبردنی وەرەمەكان و خانەكانی شێرپەنجە.

بەگوتەی ئەو زانایە ئەگەر بتوانرێت ئەم تەكنەلۆجیایە پەرەی پێ بدرێت، ئەوا ڤاكسینەكە یارمەتی ئەو نەخۆشانە دەدات كە تووشی شێرپەنجەی سییەكان و شێرپەنجەی پەنكریاس و هەندێك جۆری شێرپەنجەی گورچیلەیان هەیە.


وشە - رامیار جەواد