ساڵانە بە بەهای 150 ملیۆن دۆلار، موبەریدە و پانكە و سپلیت دەهێنرێتە هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەری بازرگانیش دەڵێت، ئەو ئامێرانە باشترینیان تەنیا پێنج ساڵ كار دەكات.
نەوزاد شێخ كامل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، "زۆرینەی ئەو موبەریدە و پانكە و سپلیتانەی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا هەن، لە چین و ئێران و توركیا و دەهێنرێن كە ساڵانە بەهاكەیان دەگاتە 150 ملیۆن دۆلار".
بەڕێوەبەری بازرگانی ئەوەشی گوت، لە هەرێمی كوردستاندا زیاتر یەك ملیۆن و 700 هەزار خێزان هەن و ڕۆژانە ئەو ئامێرانە بەكار دێنن، ئەوە جگە لە دامەزراوە حكوومی و تایبەتییەكان، دوكان و بازاڕ و شوێنەكانی تریش هەمووی ڕۆژانە بەكاریان دێنن.
لە وەرزی گەرمادا تەواوی ناوچەكانی كوردستان بەتایبەت هەر چوار پارێزگاكەی باشووری كوردستان، ڕۆژانە ئامێری فێنككەرەوە بەكار دێنن و ئەمەش وایكردووە لە وەرزی گەرمادا خواستی زۆر لەسەر بێت.