جیا لە لێدوانی بەرپرسانی ئیسرائیل و حزبوڵای لبنانی و هەڕەشەكانیان دژ بە یەكتر، لەسەر زەوی ئامادەسازییەكی گەورەی هێز لەلایەن حزبوڵا و تەلئەبیب هەیە، ئەمەریكا دەیەوێ گوشار لەسەر لبنان بكا بۆ ئەوەی حزبوڵا دەست لە بۆردمانكردنی ئیسرائیل هەڵبگرێ و شەڕ لەو بەرەیە بوەستێت و ئاوارە ئیسرائیلییەكان بگەڕێنەوە ناوچەكانیان لە باكوری ئەو وڵاتە، كەچی حەسەن نەسروڵا بۆ لابردنی شەرمەزاری ناتوانێت ئەوە بكات، بۆیە هەموو گوشارێك دەكا بۆ ئەوەی دۆخەكە بە شێوەی شەڕ و بۆردمانێكی سووك بمێنێتەوە.
لە ماوەی هەفتەی رابردوو نێردراوی ئەمەریكا سەردانی بەیرووتی كرد و چاوی بە بەرپرسانی لبنان كەوت، سووربوونی وڵاتەكەی لەسەر وەستانی هێرشەكانی حزبوڵا بۆ سەر ئیسرائیل دووپات كردەوە و هەڕەشەی ئەوەی لێ كردن كە ئەگەر ببێتە شەڕ پاڵپشتیی لەهەر هێرشێكی ئیسرائیل بۆ سەر لبنان دەكات، بۆ ئەوەی فڕۆكە هەڵگرێكی رەوانەی ناوچەكە كردووە، لەوكاتەی ئیسرائیل تا ناچاركردنی حزبوڵا بۆ رێككەوتن و كشانەوە لە سنوورەكانی لە كوشتنی فەرماندە باڵاكانی ئەو حزبە بەردەوامە، حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵا هەڕەشەی لە ئیسرائیل كرد بەوەی شەڕ و بۆردمانەكان تەواوی خاكی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە.
لەو ناوەدا گرووپە چەكدارە شیعەكانی عێراق و ناوچەكە پاڵپشتیی خۆیان بۆ حزبوڵای لبنانی دووپات كردەوە بەوەی لەكاتی هەڵگیرسانی هەر شەڕێك، ئەوانە لەپاڵ حزبەكەوە دەچنە ناو شەڕەكە و ئیسرائیل دەكەنە ئامانج، چوارشەمی رابردووش نەسروڵا گوتی، فەرماندەی گرووپە چەكدارەكانی ئێران و عێراق و سووریە و یەمەن و وڵاتانی تر داوایان كردووە دەیان هەزار چەكدار بۆ یارمەتیدانمان رەوانە بكەن، بەڵام حزبوڵا خۆی خاوەنی زیاتر لە 100 هەزار چەكدارە، پێمان گوتن سوپاس.
ئاژانسی "ئەسیۆشێتد پرێس" لە فەرماندەی گرووپێكی چەكداری عێراقی گواستەوە كە ئەگەر شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لبنانی دروست بێت، شەڕوانانی پاڵپشتیكراو لەلایەن ئێران لە تەواوی ناوچەكە دەچنە پاڵ حزبوڵا، ئێستەش هەزارانیان لە سووریان و دەتوانن بەئاسانی بگەنە لبنان، هەندێك راوێژكارە سەربازییەكانی گرووپە چەكدارەكانی عێراق ئێستە لە لبنانن، هاوكات ئێستە ژمارەیەكی زۆر شەڕوانی لیواكانی حەشدی شەعبی و فاتمیوون و زەینەبیوون و گرووپی حوسی دێنە لبنان بۆ بەشداریكردن لە شەڕ.
قاسم قەسیر، شارەزای كاروباری حزبوڵای لبنانی دەڵێت، ئەگەر شەڕ هەڵگیرسا و ماوەیەكی دوورودرێژ بەردەوام بوو، حزبوڵا پێویستی بە پاڵپشتیی دەرەوە دەبێت، بۆیە كە باسی ئەو بابەتە دەكرێت ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی ئەو هێزانە ئامادەن و ئیسرائیلیش ئەوە دەزانێت، لەوكاتەی عیران عەتسیوون، سەرۆكی پێشووی داڕشتنی سیاسەتەكان لە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل گوتی، ئەگەری هەیە شەڕێكی بەرەی جیاواز هەڵبگیرسێت، دەكرێ حوسییەكان و میلیشیا عێراقییەكان و شەڕوانی زۆری تر بێنە ناو شەڕەكەوە، لەوانە لە ئەفغانستان و پاكستان، تا لبنان و سووریە.
هەر پێوەست بەو بابەتەوە كازم فەرتووسی، گوتەبێژ بەناوی كەتیبەكانی سەید شوهەدا، كە گرووپێكی چەكداری شیعەی عێراقییە، دووپاتی كردەوە كە ئەو شەڕەی ئێستە لە غەزە و لە لبنانیش لە نێوان حزبوڵا و ئیسرائیل هەیە یەك بەرەی جەنگە، عێراقیش بەشێكی گرنگی ئەو بەرەیە، ئێمەش وەك گرووپە چەكدارەكانی عێراق، بەشێكین لەو بەرەیە و بە كردەنی لەناویداین و بەشێكین لە شەڕەكە.
روونی كردەوە، رۆژانە و بە چەندان شێوە ئیسرائیل دەكەینە ئامانج، بۆیە لەگەڵ فەلەستین و حزبوڵاین لە شەڕەكانیان، ئەگەر ئیسرائیل بیەوێ هەر كارێكی شێتانە بەرانبەر بە حزبوڵا بكات، هەمووان تیایدا بەشدار دەبن و لبنان دەكەینە گۆڕستانێكی گەورە بۆی.
چەند سەرچاوەیەكی رۆژنامەوانی لە فڕۆكەخانەی بەیرووت ئاشكرایان كرد كە حزبوڵای لبنانی بڕێكی زۆری چەك و مووشەكی مەودا جیاواز و تەقەمەنی ئێرانی جۆری " RDX "، كە هاڕڕاوەیەكی ژەهراوییە لە فڕۆكەخانەی بەیرووت حەشار داوە، ئەو زانیارییانەش مەترسییەكی گەورەی درەست كردووە، چونكە ئەو فڕۆكەخانە تەنیا چوار میل لە ناوجەرگەی بەیرووت دوورە و دەبێتە ئامانجێكی سەرەكیی ئیسرائیل.
كرێكارێكی فڕۆكەخانەكە ئاماژەی كردووە كە ئەو بابەتە زۆر مەترسیدارە، كاتێك سندووقی گەورە و نادیار راستەوخۆ لە ئێرانەوە دەگەنە فڕۆكەخانەكە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ شێوان و ئاڵۆزیی دۆخەكە، بۆیە هەر هێرشێك بۆ سەر فڕۆكەخانەكە یان تەقینەوەیەك تیایدا زیانی گەورەی گیانی و مایەكی دەبێت، ئەوەش بە بەراورد بەو تەقینەوەی لە 2020 بەندەری بەیرووتی هەژاند و زیانی گەورەی بە بەیرووت گەیاند، بۆیە ئەوەی فڕۆكەخانەكە تەنیا كاتی ماوە و ئەگەری هەیە كارەسات رووبدات.