لە 12مین ساڵیادی كۆچی هونەرمەند "جەلال بەیار"دا، ماڵێكی كولتووری تایبەت بە وێنە و یادگاری و فیلم و سیناریۆكانی ئەو هونەرمەندە لە گەڕەكی عەرەبی كۆنی هەولێر كرایەوە.
بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر و چەندان كەسایەتیی هونەری، ماڵی جەلال بەیار لە گەڕەكی عەرەبان لە هەولێر كرایەوە، ماڵەكە جگە لە ئەرشیڤی كارە هونەرییەكانی ئەو هونەرمەندە، وێنەی كەسایەتییە هەولێرییەكانی قەڵا و منارە و قەیسەری هەولێری لەخۆوە گرتووە.
جەلال بەیار لە ساڵی 1947 لە هەولێر لە دایك بووە و لە حەفتاكانی سەدەی ڕابردووەوە بەشداری لە شانۆگەریی و زنجیرە تەلەڤزیۆنییەكاندا كردووە. لەوانەش "چڵپاو، مەم و زین، خاتوو كڵاوزەر، هەبوو نەبوو، تاپۆ حەقی چییە، كەونە دەركە".
یەكەم بەرهەمی تەلەڤزیۆنی كە بەشداری تێدا كردووە، بەرهەمی "مارەیی" بووە، دواین كاریشی بەشداریكردن بوو لە بەشی سێیەمی زنجیرە درامای "گەردەلوول"، بەڵام مەرگ ڕێی پێ نەدا ڕۆڵەكەی لەو زنجیرەیە تەواو بكات. لەساڵی 2012 لە27ی حوزەیران لە هەولێر كۆچی دوایی كرد.