دادگایەكی كوێت بەهۆی دزینی "بنێشت"، هاووڵاتییەكی وڵاتەكەی بە دوو ساڵ گرتن سزا دەدات.
پێگەی "
شەفەق نیوز" كە هەواڵەكەی لە رۆژنامەی "المجلس"ی كوێتی وەرگرتووە و دوێنێ هەینی پێنجی تەمووز بڵاوی كردووەتەوە، دادگای دەوڵەتی كوێت، هاووڵاتییەكی بە دوو ساڵ گرتن سزا داوە كە تاوانەكەی دزینی یەك كارتۆن "بنێشت" بووە.
دوای ئەوەی پیاوێك بە تۆمەتی دزینی كارتۆنێك "بنێشت" لەلایەن پۆلیسەوە گیرا، رەوانەی دادگای تاوانی كوێت كرا و دواتریش دادگاكە سزای دوو ساڵ گرتنی بۆ دەركرد. ئاماژە دراوە كە نرخی ئەو كارتۆنە بنێشتە 75 دیناری كوێتییە "245 دۆلاری ئەمەریكی".
ئەو رووداوە لە یەكێك لە ماركێتە ناودارەكانی ئەو وڵاتە لە ناوچەی "سەلوا"ی پارێزگای حەولی بووە.
لەبارەی ئەو رووداوە و دزینی بنێشتەكە، هاووڵاتییان لەڕێی "ئێكسە"ەوە سەتان كومێنتیان نووسیوە و چالاكانی ئەو وڵاتەیش دەڵێن، رەنگە دزەكە پێشینەی تری هەبێت، بۆیە سزاكەی لەسەر قورس بووە.
هەندێكی تریش دەڵێن دزی هەر دزییە، جا ئەگەر هەر شتێكی گەورە یان بچووكی دزیبێت، دەبێ سزا بدرێت تا ئەو دیاردەیە لە وڵاتەكەیان دووبارە نەبێتەوە.