فیلمی "سكاڵا" دوای بەشداری لە چەندان فێستیڤاڵی گەورەی دنیا، بڕیارە بەشداریی لە فێستیڤاڵی كۆڵۆمبیاش بكات.
مارەكردنی كچان لە بێشكەدا دەبێتە هەوێنی فیلمێك بەناوی "سكاڵا" چیرۆكەكەی بۆ دنیا سەرنجڕاكێشە، بەو هۆیەوە بەشداریی دەیان فێستیڤاڵ دەكات.
دوای بەشداربوون لە 15 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی لە وڵاتانی ئەمەریكا، ئەفریقا، ئەڵمانیا، جنێڤ، ئیسپانیا و كۆتا جاریش لە فێستیڤاڵی ساڵانەی سویسرا بۆ سینەما، ئەمجارەیان فیلمی "سكاڵا" كە لە نووسین و دەرهێنانی دەرهێنەری كورد "كەی بەهار"ـە كە خاوەنی چەندان خەڵاتی وەك باشترین وێنەگرتن و دەرهێنان و سیناریۆیە، ئێستە بەشدارە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی ڤایەلێت لە بۆگۆتا لە كۆڵۆمبیا.
كەی بەهار دەرهێنەری فیلمەكە رای گەیاند، "كاستی ئەو بەرهەمە سینەماییە كوردییە باس لە چیرۆكێكی ڕۆمانسی و پێوەندیی نێوان دوو ئەویندار دەكات، كە بەهۆی نەریتێكی كۆنی كۆمەڵایەتییەوە، لە بێشكەدا لە كەسێكی تر مارە كراوە و سەرئەنجام دوو ئەویندارەكە بەیەكتر ناگەن.
ئەو دەرهێنەرە زیاتر گوتی، مەبەست لە پێشاندانی ئەو فیلمە، كەمكردنەوەی ئەم حاڵەتانەیە كە پێشتر زۆر باو بوون لە ناو كۆمەڵگەی كوردی بەتایبەت لە دێهاتەكاندا.