لە یەكەم ڕۆژی ساڵی نوێی كۆچیدا، بەرگێكی نوێ بە كەعبە دەكرێت كە بەرگی كەعبە دەگۆڕێ، بە دەیان كیلۆ زێڕ و زیو رازێنراوەتەوە و زیاتر لە هەزار كیلۆ ئاوریشمی تێدا بەكار هاتووە.
ئەمڕۆ یەكشەم حەوتی تەمووز، بەرپرسانی سعوودیە وەك ساڵانی پێشوو، دەستیان كرد بە گۆڕینی بەرگی كەعبە، ئەم ئەركەش لەلایەن سەرۆكایەتیی گشتیی كاروباری مزگەوتی گەورەی مەككەوە، بەبۆنەی ساڵی نوێی كۆچییەوە جێبەجێ دەكرێت، بەرگێكی نوێ بۆ كەعبە دانرا كە پێكهاتووە لە قوماشێكی ڕەشی گەورە و بە وردی دیزاین كراوە.
ئوەش یەكێكە لە كارە گرنگەكان كە ئەمڕۆ كراوە، چونكە ئەو تیمەی ئەركی گۆڕینی بەرگی كەعبەیان لە ئەستۆیە، پێكدێن لە 159 پیشەگەر و تەكنیككار و ئەندازیاری لێهاتوو كە راهێنانی تایبەتیان وەرگرتووە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە.
ئەو بەرگە بە كیسوا ناسراوە، پێكدێت لە 53 پارچە زێڕ، دابەش كراون بەسەر سەرەوە و پشتێنە و خوارەوەی كەعبەدا.
لە بەرهەمهێنانی كیسوادا بە گشتی 120 كیلۆ زێڕ و 100 كیلۆ زیو و هەزار كیلۆ ئاوریشم بەكار دەهێنرێت، كێشی كیسوا هەزار و 350 كیلۆگرامە و نزیكەی 14 مەتر بەرزییەكەیەتی.