زۆرن ئه‌و شارانه‌ی له دنیادا به گه‌شتیاری، ئابووری و باڵه‌خانه یان هه‌ر بوارێك ناوبانگ ده‌رده‌كه‌ن و وه‌ك پایه‌ته‌ختی ئه‌و بواره هه‌ژمار ده‌كرێن، كه‌چی شارێك له دنیادا هه‌یه به "پایه‌ته‌ختی جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ران" ناوبانگی ده‌ركردووه كه زۆرترین جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌رانی تۆمار كردووه. هاوكات بێبه‌ش نییه له خۆشه‌ویستیی ناوازه.
پێگه‌ی "
شه‌فه‌ق نیوز" كه هه‌واڵه‌كه‌ی له تۆڕی "بی بی سی" وه‌رگرتووه و بڵاوی كردووه‌ته‌وه، شاری كانۆی نێجیریا له دنیادا به "پایه‌ته‌ختی جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ران" ناوی ده‌ركردووه. ئاماژه دراوه كه 32%ی هاوسه‌ران له نێوان سێ تا شه‌ش مانگ پێكه‌وه هه‌ڵناكه‌ن و له یه‌كتر جیا ده‌بنه‌وه.
ئاماژه به‌وه‌ش دراوه كه له ساڵی 2022 و به‌پێی ئه‌وه‌ی تۆڕی "بی بی سی" به هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی نێجیریا بڵاوی كردووه‌ته‌وه، زۆربه‌ی گه‌نجه‌كانی ئه‌و شاره كه ته‌مه‌نیان له نێوان 20 تا 25 ساڵه، دوو یان سێ جاری هاوسه‌رگیرییان كردووه. به‌ڵام تۆڕه‌كه باس له هۆكاره‌كانی زۆربوونی جیابوونه‌وه‌كان ناكات.
به‌ڵام تۆڕه‌كه وێڕای ئه‌وه‌ی ئاماری جیابوونه‌وه‌كانی ئاشكرا كردووه، له‌گه‌ڵیدا چیرۆكی خێزانێكی بڵاو كردووه‌ته‌وه كه مێرد و ژنه‌كه 50 ساڵه پێكه‌وه‌ن و جیا نه‌بوونه‌ته‌وه.
باس له‌وه ده‌كات كه مه‌حموود كه‌بیر یوسف و رابیاتۆ تاهیر، ئه‌و دوو هاوسه‌ره‌ن كه ماوه‌ی 50 ساڵه هاوسه‌رگیرییان كردووه و تا ئێسته‌ش پێكه‌وه به خۆشگوزه‌رانی ده‌ژین، بۆیه تۆڕه‌كه دیمانه‌ی له‌گه‌ڵیاندا ساز كردووه و وه‌ك خێزانێكی ناوازه ئاماژه‌یان پێ ده‌دات. دیمانه‌كه كاتێك ساز كراوه كه ئه‌و دوو هاوسه‌ره ئاهه‌نگی 50 ساڵه‌ی هاوسه‌رگیرییان ده‌كه‌نه‌وه.
پیاوه‌كه كه ته‌مه‌نی گه‌یشتووه‌ته 76 ساڵ، بۆ تۆڕه‌كه گوتی كه تا ئێسته پێكه‌وه ماون و درێژه‌یان به خۆشه‌ویستییه‌كه‌یان داوه، هۆكاره‌كه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌یه‌تی، چونكه ئه‌و زۆر ده‌ستكراوه و خێرخوازه و خۆپه‌رست نییه، ئه‌وه‌ش وایكردووه هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یان به‌رده‌وامیی هه‌بێت.
كاتێك پیاوه‌كه قسه بۆ تۆڕه‌كه ده‌كات، هاوسه‌ره‌كه‌ی له به‌رانبه‌ری دانیشتووه و زه‌رده‌خه‌نه‌ی بۆ ده‌كات كه ته‌مه‌نی ئه‌ویش له حه‌فتا ساڵ نزیك بووه‌ته‌وه، هاوكات ئه‌ویش باسی هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌كات كه پیاوێكی هێمن و ئارامه.
دواتریش تۆڕه‌كه ئاماژه‌ی داوه كه ئه‌و دوو هاوسه‌ره كه 50 ساڵه پێكه‌وه‌ن، بوونه‌ته خاوه‌نی 13 منداڵ.