هەموو گرنگیدانی سۆشیال میدیا بە رووداوە نائاساییەكانە، لەوانە خۆكوشتن و تاوانە نامۆكانی ناو كۆمەڵگە، ئەگەرچی كەشەكە گەرمایە و تا دێت گەرمتریش دەبێت، شارەزایان پێیان وایە كاریگەری لەسەر هەڵچوونی مرۆڤ هەیە، بەڵام سۆشیال میدیا بە سەرنج خستنە سەر خۆكوشتن و پێشاندانی وەك چارەسەرێكی كێشەكان و ئەو كاریگەرییە سۆزدارییەی دەوروبەر بۆ قوربانییەكەی پێشان دەدات، وا دەكەن هەندێك كەس پەنا بۆ خۆكوشتن ببەن.
نوور نافیع، پەرلەمانتاری عێراق پێی وایە سۆشیال میدیا لە رێگەی ئاسانكردن و پێشاندانی دیاردەكە تێكڕای خۆكوشتنی زیاد كردووە، كاتێك دیاردەی خۆكوشتن لە ژمارەیەك پارێزگای عێراق زیادی كردووە و لەماوەی دوایی گەیشتە ژمارەیەكی پێوانەیی بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، بەتایبەتی لە ریزی گەنجانی خوار تەمەنی 30 ساڵ.
روونی كردەوە، راستە هەژاری و كێشەی خێزانی و دەروونییەكان هۆكاری بڵاوی خۆكوشتنن، جیا لە گوشاری خوێندن و ئەنجامە خراپەكان كە وای كردووە ژمارەیەك قوتابی پەنا بۆ خۆكوشتن ببەن، بەڵام بەشێك لە هۆكاری پەرەسەندنی دیاردەكە ئەوەیە كە سۆشیال میدیا و هەندێك ماڵپەڕ بانگەشەی بۆ دەكەن، وێنەیەك لە خەیاڵی خەڵك دروست دەكات كە خۆكوشتن جۆرێكە لە چارەسەری كێشەكان و دەربازبوون لێیان.
لای خۆیەوە نەوار سەعدی، مامۆستای ئابووریی نێودەوڵەتی دەڵێت، بێكاری و هەژاری دوو هۆكاری سەرەكین بۆ خۆكوشتن، كاتێك 30ی دانیشتووانی عێراق بێكارن، رێژەی هەژاریش 31.7%ی تێپەڕ كردووە، بۆیەش خۆكوشتن لە باشووری عێراق زیاترە كە نیوەی دانیشتووانی هەژارن.
روونی كردەوە، بێكاری كێشەیەكی ئابووری و كۆمەڵایەتی و دەروونی و سیاسی و تەناهییە، كاریگەری لەسەر تەندروستیی دەروونی و جەستەیی مرۆڤ هەیە، زۆرینەی كەسانی بێكار رێزگرتنیان بۆخۆیان لەدەست دەدەن و هەست بە شكست و كەمیی بەرانبەر بە كەسانی تر دەكەن، بۆیە بێزاری و نائومێدی بەسەریاندا زاڵ دەبێت، جا ئەگەر هۆشیارییان لاواز بێت، بەرەو خۆكوشتن پاڵیان پێوە دەنێت، بەتایبەتی گەنج.