سەركردەیەكی سونە: ئێستە سەڵاحەدینی ئێمە كاک مەسعوودە

:: AM:11:41:10/07/2024 ‌

عەبدوڵا خەربیت، سەركردیەكی سونەی عێراقە و باسی گەورەیی پێشوازی بەغدا دەكات بە هەموو لایەنەكانەوە لە سەرۆک بارزانی و دەڵێ، زۆر لە پێشوازییەكەی ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا گەورەتر و گرنگتر بوو، هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئێستە تاكە كەس بتوانێت نوێنەرایەتیی هەموو سونەی عێراق بكات، تەنیا سەرۆک بارزانییە.

لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی "ئای نیوز"ـی عێراقی، عەبدوڵا خەربیت، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق و یەكێ لە سەركردە سونەكان دەڵێت: دوایین سەردانی كاک مەسعوود بۆ بەغدا، هەرگیز وەكوو سەردانی ئەردۆغان نییە، چونكە ئەم تەنیا لەسەر هەندێ ڕێككەوتنی عێراقیی توركیی گشتی بوو، هەرگیز هیچ شتێكی سیاسییان باس نەكرد. بەڵام سەردانی كاک مەسعوود زۆر جیا بوو. ئەگەر سەرۆک بارزانی هەر ئەوەندەی لەبەر كامێرا دەربكەوێت و ڕووی قسە لە جەماوەری سونە بكات، گوتەكانی زۆر بەهێزتر و كاریگەرترە لە گوتەی هەموو سەركردە سونەكانی خۆمان.

ئەو سەركردەیەی سونە دەڵێت: پێویستە بیرمان نەچێت، لە ماوەی شەو و ڕۆژێكدا (مەبەستی سەردەمی داعشە) هەموو سونە هیچ شوێنێكیان نەمابوو، تەنیا كاک مەسعوودمان هەبوو داڵدەی هەموومانی دا. ئەو پاڵەوانی ڕاستیی ڕزگاركردنی سونەی عێراقە لەدەست ئەو پیلانەی بۆی داڕێژرابوو. خانەوادەی هەموومان لە مووسڵ، سەڵاحەددین، ئەنبار و هەموو شارە سونییەكانمان كە داگیر كرا، تەنیا ڕوویان لە سەرۆک بارزانی كرد.

عەبدوڵا خەربیت، زۆر ڕاشكاوانە دەڵێت: كۆمەڵگەی ئێمەی سونە، تەنیا لە سەرۆک بارزانیدا سەركردە و نوێنەرایەتیی ڕاست دەبینن.

پێشكەشكاری دیمانەكە لێی دەپرسێت، واتە كاک مەسعوود سەركردەی كورد و سونەشە؟ وەڵام دەداتەوە، هەر زۆریش ئاساییە، پێشتر سەركردەی ئێمە سەڵاحەدینی ئەیووبی بوو، ئێستە با سەرۆک بارزانی سەركردەمان بێت. ئێمە ئیمامە ئایینییەكانیشمان كوردن وەكوو ئیبن تەیمییە. دوو سەت ساڵە موفتی عێراق كوردە و قەبووڵیشمان كردووە، چونكە كورد ئەملاولا نازانێت، كە گوتی نا، واتە نا. ئەمەش ئێستە تەنیا لە سەرۆک بارزانیدا هەیە.



وشە - عەبدوڵا عومەر