دەسەڵاتدارانی تەندروستیی ئیسرائیلیی رایان گەیاند كە رێژەی تووشبوون بە نەخۆشیی "رۆژئاواوی نیل" دوو هێند بووە لەم هەفتەیەدا، بە جۆرێك ژمارەی تووشبووان دوێنی پێنجشەم گەیشتە 331 تووشبوو، بەجۆرێك هەفتەی رابردوو 153 كەس بوون و بەم شێوەیش رێژەیەكی دووهێند زیاتر بووە و وێڕای بەرزبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدان و تووشبوونیش تا ئێستە نەتوانراوە ڤاكسین یا دەرمانێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەكە بەرهەم نەهێنراوە.
تای ڕۆژئاوای نیل نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و زیاتر لە ڕێگەی پێوەدانی مێشوولەی تووشبووەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. ڤایرۆسەکە سەر بە خێزانی Flaviviridae و جۆری Flavivirus ە. لە چەندین ناوچەی جیهاندا هەیە، لەوانە ئەفریقا، ئەوروپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکای باکوور و بەشێک لە ئاسیا.
بەپێی ئامارەكانی تەندروستی ئیسرائیل ژمارەی گیان لە دەستدان لەم هەفتەیەدا بۆ 18 كەس بەرز بووەتەوە لەكاتێكدا هەفتەی رابردوو 11 كەس بوو و ئەوانەی گیانیش لە دەست دەدەن زۆبەیان لە سەرووی 70 ساڵیدان.
ئامارەكان ئاماژە بەوەیش دەدەن كە زۆربەی تووشبووانی نەخۆشییەكە لە ناوچەكانی ناوەڕاستی وڵاتەكە تۆمار كراون و چەند حالەتێكی كەمیش لە حەیفا و مەرەج و قودس و عەسقەلان تۆمار كراوە.
بەپێی راپۆرتە پزیشكییەكان، نەخۆشییەكە مەترسیی بۆ ئەو كەسانە نییە كە گەنجن و تەمەنییان كەمە، بەڵام بۆ ئەوانەی كە تەمەنیان زۆرە یا بەرگرییان بێهێزە مەترسییەكانی رژدە و دەبێتە هۆی گیان لە دەستدان و تا ئێستەیش لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەكە هیچ ڤاكسین و دەرمانێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆس و نەخۆشییەكە بەرهەم نەهێنراوە.
نیشانەكانی نەخۆشییەكە بریتیین لە، تا، ژانەسەر، ئازاری لەش، دروستبوونی پەڵەی پێست، هێڵنج دان و ڕشانەوە و
ئاوسانی گرێ لیمفاوییەکان و هیچ چارەسەرێکی تایبەت بۆ تای نیلی ڕۆژئاوا نییە و چاودێریکردن بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بە کەمکردنەوەی نیشانەکانی. لە حاڵەتە توندەکاندا، ڕەنگە نەخۆشەکە پێویستی بە خەواندن لە نەخۆشخانە هەبێت بۆ چاودێری و كۆنترۆڵكردنی ئازار و تا.