لەگەڵ پێكهاتنی حكوومەتی ئێستەی عێراق كە لەسەر چوارچێوەی هاوئاهەنگیی نزیك لە ئێران حسێبە، بازاڕی دۆلار هەڵكشان و داكشان بەخۆیەوە دەبینێت، نرخی دۆلار بووەتە ئامرازێكی كاریگەری گوشار لەسەر ملی حكوومەتەكە، دوور لەوەی جار جار سیاسەتوانان باسی ئەو بابەتە وەك كارتێكی ئەمەریكا لەدژی عێراق و لاركردنەوەی سیاسەتەكانی بەرەو بازنەی ئێران و چین و رووسیا دەكەن، شارەزایانی ئابووری بەهیچ شێوەیەك باسی رەهەندە سیاسییەكە ناكەن، تەنیا ئەوە دەڵێن رێوشوێن وەرگیراوە و نرخی دۆلار دادەبەزێت.
بەر لە ماوەیەك یەكێك لە راوێژكارانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ددانی بەوەدا نا كە ئەگەر رێوشوێنەكانی حكوومەت و بانكی ناوەندی نەبوایە نرخی دولار لە عێراق دەگەیشتە 300 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلار، ئەو ناراستەوخۆ دووپاتی لە بۆچوونی هەندێك لە شارەزایان كردەوە بەوەی رێوشوێنەكانی حكوومەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكە نییە، بەڵكو تەنیا بۆ رێگرتنە لە هەڵكشانی شێتانەی نرخی دۆلار و رووخانی سیستمی بانكی و دارایی كەرتی ئابووریی دەوڵەتی عێراق.
ماهر عەبد جۆدە، شارەزای سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات و دەڵێت، بێگومان لایەنە ئابوورییەكان دەبنە ئامرازێك و كارتێكی ململانێ سیاسییەكان، عێراق لە سەردەمی رژێمی پێشووەوە ئەوەی لە فرۆشتنی نەوت دەستی دەكەوێت دەچێتە بانكی فیدراڵیی ئەمەریكا، دوای ئەوە لەسەر داوای بانكی ناوەندیی عێراق پارەكە بەشێوەی دۆلار بۆ عێراق دێتەوە، لێدوانەكانی ماوەی رابردووش بە ناڕەزایی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا بەرانبەر بە هەڵسوكەوتی حكوومەت و بانكی ناوەندی عێراقی لەبارەی دۆلار و گەیشتنی بە وڵاتانی سزای نێودەوڵەتییان لەسەرە و نیازی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر كەسایەتی و بانكە عێراقییەكان هەیە، بێگومان ئەوانە كاریگەرن.
روونی كردەوە، راستە ئێستە ئەو هەڵكشانە لەبەر چەند هۆكارێك زۆر كاریگە دەرنەكەوتووە، بەهۆی دابەشكردنی خۆراكی مانگانە و سەبەتەی خۆراك و نرخەكان لە بازاڕ تا ئاستێك جێگیرن، بەڵام پەرەسەندنی هەر ململانێیەكی سیاسی كاریگەری و رەنگدانەوە دروست دەكات، هەندێك جار دەبێتە داری دەستی ئەمەریكا و بەرانبەر بە حكوومەتەكانی عێراق رای دەوەشێنێت، بۆیە پێویستە كار بكرێت دۆخی ئابووری لە ناكۆكییە سیاسییەكان دوور بخەینەوە.
لای خۆیەوە جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، چوار هۆكار هەن كار لەسەر نرخی دۆلار دەكەن، یەكەم قەبارەی ئەو دۆلارەی رۆژانە لە مەزادی بانكی ناوەندی دەخرێتە روو، دووەم ئاستی ئاسانكاری بۆ بازرگانان كە لە رێگەی سەكۆی كڕین و فرۆشتنی دۆلار بەشدارن، سێیەم ئاستی قاچاخی دۆلار و رۆیشتنی بەرەو توركیا و ئێران و ئیمارات، چوارەم ئاستی تێوەگلانی گرووپە چەكدارەكان لە شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ غەزە و لبنان، كە هەرچەند زیاتر بچنە ناوییەوە دۆخەكە ئاڵۆزتر دەبێت و دۆلاری هاتوو لە بانكی فیدراڵیی ئەمەریكا كەمتر دەبێتەوە.
كۆچەر دووپاتی كردەوە، ئێستە هەر چوار هۆكار كێشەیان تیادا هەیە، بانكی ناوەندی لە دوو خاڵی یەكەم و دووەم بەرپرسیارە، واتە مەزادەكە و ئاسانكاری بۆ بازرگانان، دووەكەی تر حكوومەت لێیان بەرپرسیارە، واتە قاچاخی دۆلار و هەڵسوكەوتی گرووپە چەكدارەكان.
پێشتریش نەجیبە نەجیب، شارەزای ئابووری و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، دیاریكردنی نرخی دینار بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریكی رەهەندێكی سیاسیشی هەیە، چونكە عێراق تەنیا نەوتی هەیە كە هەناردەی دەكات و بە دۆلار دەیفرۆشێت، پارەكەشی بەتەواوەتی بەدەستی بانكی ناوەندی عێراقەوە نییە، بەڵكو وەزارەتی گەنجینە و بانكی فیدراڵی ئەمەریكاش رۆڵیان لەوەدا هەیە، واتە لە هەڵكشان و داكشانی بەهای دینار و دۆلار.
روونی كردەوە، رەهەندە ئابوورییەكەی هەڵبەز و دابەزینی نرخی دۆلار پشت بە خواست و خستنەڕووی دۆلارەوە دەبەستێت، بەڵام هەر ئەوەندە نییە و رەهەندی سیاسیشی هەیە، چونكە خواست لەسەر دۆلار تەنیا پێوەست نییە بە پێویستیی رۆژانەی بازاڕی عێراق، بەڵكو وڵاتانی ناوچەكەش هەوڵ دەدەن لە رێگەی عێراقەوە دۆلاریان دەست بكەوێت، كەواتە ئەو خواست و خستنەڕووە تەنیا پێوەست نییە بە ناوخۆی عێراق، لە رووی سیاسییەوە عێراق كۆنتروڵی دەروازە سنوورییەكان ناكات.
لای خۆیەوە زیاد هاشمی، توێژەری ئابووری ئاماژە دەكات، ئەو دابەزینەی ماوەی رابردووی نرخی دۆلار بەهۆی ئاسانكارییەكانی بانكی فیدراڵیی ئەمەریكا بووە نەك رێوشوێنەكانی بانكی ناوەندیی عێراق، بانكی ناوەندی بە سوودوەرگرتن لە ئاسانكاریی بانكی فیدراڵیی ئەمەریكا بۆ رێوشوێنەكانی پێشووی گەڕایەوە بۆ حەواڵەكردن و فرۆشتنی سەتان ملیۆن دۆلاری رۆژانە، بۆ پڕكردنەوەی پێویستیی یاسایی و نایاسایی دۆلار، واتە بە بەردەوامبوونی كێشە داراییەكان وەك خۆی بێ چارەسەری.
ئاماژەی كرد، تا ئیستە زۆرێك لە بانكەكان لەسەر هەمان كاری پێشوویان بەردەوامن و تۆڕەكانی مامەڵەی نایاسایی و قاچاغ و بازرگانیی نایاسایی لە سنوورەكان بەردەوامە و دۆلارێكی زۆری عێراق دەبەن، ئەو فرۆشتنە زۆرەی دۆلاریش لەلایەن بانكی ناوەندییەوە جۆرێكە لە سەقامگیریی خەیاڵی بۆ نرخی دۆلار كە تەنیا پشت بە گڵۆپی سەوزی بانكی فیدراڵیی ئەمەریكا دەبەستێت و دەكرێ لەهەر ساتێك ئەو گڵۆپە سەوزە ببێتە سوور و نرخی دۆلار بەرز ببێتەوە.