هونەرمەند زایەر عەبدوڵا كە بۆ مەبەستی چارەسەری پزیشكی رەوانەی دەرەوەی وڵات كرا، دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری و وەرگرتنی چارەسەری پزیشكیی پێویست گەڕایەوە هەولێر و "وشە"یش نوێترین زانیاری لەبارەی رەوشی تەندروستییەوە بڵاو دەكاتەوە.
ئەمڕۆ 13ی تەمووزی 2024، هیوا سوعاد سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای هونەرمەندان كە ئەمڕۆ بە مەبەستی ئەحواڵپرسی سەردانی هونەرمەند زایەر عەبدوڵای كردبوو، لەبارەی رەوشی تەندروستیی هونەرمەندەوە بە "وشە"ی راگەیاند، رەوشی تەندروستیی هونەرمەند زایەر عەبدوڵا جێگیرە و لە توركیایش "زەرع" بۆ ئەو گرێیەی ملی كراوە و چاوەڕوانی ئەنجامەكەین.
هیوا سوعاد ئەوەیشی گوت، دوای دەرچوونی ئەنجامەکەی دووبارە دەچینەوە توركیا و هێشتا پڕۆسەی وەرگرتنی چارەسەری ماویەتی.
زیاتر گوتی، لە ئەنجامە سەرەتاییەكان ئەوەی پێیان گوتوون ئومێدێكی زۆر هەیە كە ئەنجامی "زەرع"ەكەی پاك دەربچێت، چونكە دەوروبەری گرێیەكەی پاك بووە لە پشكنیندا.
سەرۆكی لقی سەندیكای هونەرمەندانی هەولێر ئاماژەیشی دا، زایەر عەبدوڵا هونەرمەندێكی گەورەی كوردە و حەقیەتی بە هەموومانەوە ئاگامان لێی بێت.
زایەر عەبدوڵا جگە لە كاری هونەری، هاوكات نووسەر و میدیاكاریش بووە و بەشێك لە یادەوەرییەكانیشی بە ناونیشانی "تەیراوە هەر بە پیاسە" لە كتێبێكدا بڵاو كرووەتەوە، دوا كاری هونەریشی بەشداری بووە لە درامای ئەدیابین.
وەك رێزگرتنێك بۆ رابردووی ئەم هونەرمەندە و وەک كەسایەتییەكی دیاری كورد، لەسەر راسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە 27ی مانگی رابردوودا رەوانەی توركیا كرا بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی و ئەنجامدانی نەشتەرگەری.