66 ساڵ لەمەوبەر سیستمی حوكمڕانی لە عێراق گۆڕا و لە پاشایەتییەوە بووە كۆماری، لە سەرەتای ئەم گۆڕانكارییە بەكودەتا دەستی پێ كرد و كودەتا بووە كولتووری سیاسی.
ئەمڕۆ 66 ساڵ بەسەر 14ی تەمووزدا تێدەپەڕێت كە تێیدا كۆتایی بە سیستمی پاشایەتی لە عێراقدا هێنرا و بەدڕندانەترین شێوە پەلاماری كۆشكی پاشایەتی درا و لەوێدا هەموو بنەماڵەكەی پاشا كوژران.
لە رۆژی 14ی تەمووزی 1958 سیستمی حوكم لە عێراق لە پاشایەتییەوە گۆڕا بۆ كۆماری، ئەمەش لە ناو عێراقییەكاندا بە شۆڕشی 14ی تەمووز ناسراوە، بەڵام بەشێك لە مێژوونووسان بە جووڵانەوە و بەشێك بە كودەتای پێناسە دەكەن.
لە دامەزراندنی حكوومەتی عێراقییەوە لە ساڵی 1921 سیستمی حوكمڕانی پاشایەتی بوو، تا شۆڕشی ساڵی 1958 . خەڵك لە سیستمی پاشایەتی لە عێراقدا بێزار بوون، بۆ كۆتاهێنانی ئەو بارودۆخە، هاووڵاتییانی عێراق بڕیاریان دا لە چوارچێوەی پارت و رێكخراوە سیاسییەكان، كار بۆ لەناوبردنی ڕژێمی پاشایەتی بكەن و لەلایەكی تریشەوە هەوڵی رزگاركردنی عێراق بدەن لە چنگی داگیركاریی بەریتانی.
بۆ ئەم مەبەستەش ئەفسەرانی سوپا بڕیاری پێكهێنانی رێكخراوێكیان دا بەناوی رێكخراوی ئەفسەرانی ئازادیخواز، كە بە نهێنی لەلایەن عەبدولكەریم قاسمەوە سەركردایەتی دەكران.
دواجار لە بەرەبەیانی 14ی تەمووزی 1958، ئەم شۆڕشە بە سەركردایەتیی عەبدولكەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف ئەنجام درا و لە دوای كۆنترۆڵكردنی فەرماندەیی گشتیی سوپا، بارەگای ڕادیۆ و بەدالەی مەركەزی تەلەفۆن، لەلایەن هێزەكانی لیوای 20ی سوپای عێراق بە پشتیوانی ئەفسەرە نیشتمانییەكان یان ئەفسەرە ئازادیخوازەكان، لە هەمان رۆژدا یەكەم بەیاننامەی ڕاگەیاندنی كۆماری عێراق لە رادیۆ بڵاو كرایەوە.
هەمان رۆژ، ژمارەیەك ئەفسەری عێراقی كە لەلایەن عەبدولكەریم قاسم و عەبدولسەلام عارفەوە سەرپەرشتی دەكران، هێرشیان كردە سەر كۆشكی كۆماری و هەموو ئەندامانی خێزانی پاشایان كوشت و تەنانەت دەستیان لە باخەوان و چێشتلێنەرەكانیش نەپاراست.
ئەوەی لە كۆشكی رەحاب هاشمی ڕووی دا، لە قەتلوعامكردنی منداڵی بچووك و باخەوان و خزمەتكارەكان و كوشتنی پاشای گەنج "شا فەیسەڵی دووەم"، بێ لێپرسینەوە و دادگاییكردن بوو، تەنانەت عەبدولستار سەبع عەبووسی خاوەنی كۆمەڵكوژییەكە خۆی ددانی بەوەدا ناوە كە هیچ كەسێك فەرمانی كوشتنی پێ نەكردووە و لە خۆیەوە ئەو بڕیارەی داوە، لە كاتێكدا ئەوان پەڕۆی سپی و قورئانیان بەڕووی سەربازەكاندا بەرز كردەوە و خۆیان رادەست كردبوو، لەو ڕووداوەدا نزیكەی 100 كەس كوژران.
لە هەمان رۆژ واتا لە 14ی تەمووز، عەبدولسەلام عارف بەناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانەوە، بەیاننامەكەی خوێندەوە و تێیدا رووخاندنی رژێمی پاشایەتی و دامەزراندنی رژێمی كۆماری لە عێراق راگەیاند.
زۆر لە مێژونووسان لەسەر ئەوە هاوڕان كە تووڕەیی خەڵك لە داگیركاریی بەریتانیا بۆ عێراق، دوای رووخانی شۆڕشەكەی رەشید عالی گەیلانی لە ساڵی 1941 و لە سێدارەدانی ئەفسەرە ئازادیخوازەكان كە بەشدارییان لە شۆڕشەكەدا كردبوو، هۆكاری سەرەكیی بەرپابوونی 14ی تەمووز بووە.
لە سەردەمی پاشایەتیدا شۆڕش و بەرخودانەكانی كورد بەتوندترین شێوە وەڵام دەدرانەوە، ئەوەبوو بارزانییەكان بە سەرۆكایەتیی مستەفا بارزانی ڕوویان لە كۆماری كوردستان و دواتر سۆڤییەت كرد.
گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن قاسم و هاوڕێكانی ئەوەندە سوودی بۆ كورد هەبوو، دوای رووخانی حكوومەتی پاشایەتی لە عێراق، لە رۆژی شەشی تشرینی یەكەمی 1958دا بارزانیی نەمر لەناو پێشوازییەكی گەرمی جەماوەری عێراق و كوردستاندا، بۆ كوردستان و ئێراق گەڕایەوە.
گەڕانەوەی بارزانی ژیانی بەبەر گەلانی عێراق و بزاڤی رزگاریخوازی كوردیشدا كردەوە، چونكە لەلایەك گەڕانەوەی بارزانی لەوكاتەدا برایەتیی كورد و عەرەبی پتەوتر كرد، لەلایەكی تریش سەرلەنوێ قسە و بڕیاری نەتەوەی كوردیشی یەكخست و كورد و بزاڤە رزگاریخوازەكەی لەو تەنگژەیە رزگار كرد كە لە پاش خامۆشبوون و رووخانی كۆمارە ساواكەی كوردستان لە مهاباد، دووچاری بووبوو.