بەهۆى گیان لەدەست دانى کرێکارێک لە پڕۆژەیەکى نیشتەجێبوون لە شارى سلێمانى، بەڕێوەبەرایەتیى کار/سلێمانى بە نووسراوێکى فەرمى کارەکانى پڕۆژەکەى ڕاگرت، داوای لە پڕۆژەكەیش كردووە لە ماوەی سێ رۆژدا تەواوی كەموكووڕی و سەرپێچییەكان چارەسەر بكەن، هەروەها داوا لە كرێكاران دەکرێت لە كاتی تێبینیكردنی هەر سەرپێچی و كەموكووڕییەك لە پڕۆژەكان پێوەندی بە هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتییەكانەوە بكەن.
ئەمڕۆ چوارشەم 17ی تەمووز بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی بڵاوی كردووەتەوە، ڕۆژى شەمووی ئەم هەفەیە 13ی تەمووزی 2024، كرێكارێك بە ناوی گۆران ئەکرەم لە پڕۆژەیەکى نیشتەجێبوون لە شارى سلێمانى، لە نهۆمى 40ى پڕۆژەکە کەوتەوە خوارەوە و بەهۆیەوە گیانى لەدەست دا.
بەڕێوەبەرایەتییەكە روونی كردووەتەوە، دواى بەدواداچوون لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى و بەڕێوەبەرایەتیى کار/سلێمانى، پاش سەردانیکردنى پشکنەرى کار بۆ سەر پڕۆژەکە، بەڕێوەبەرایەتیى کار بە نووسراوى ژمارە (1108) لە 15/7/2024 بەڕێوەبەرى پڕۆژەکەى ئاگادار کردووتەوە بە ڕاگرتنى کارەکانیان.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە كە بەڕێوەبەرایەتییەكە لە نووسراوەكەیدا داوای چارەسەركردنی سەرجەم كەموكووڕییەكانی پڕۆژەكەی كردووە لە ماوەی سێ رۆژدا، هەروەك لە راگەیەنراوەكەی ئاماژە بە ناوەڕۆكی نووسراوەكە كراوە "لە نووسراوەکەدا پاڵپشت بە ڕاپۆرتى پشکنین هاتووە، پێویستە لە ماوەى سێ ڕۆژ سەرجەم کەموکووڕى و سەرپێچییەکان چارەسەر بکەن و دواى دووبارە پشکنین ئینجا دەتوانن دەست بە کارەکان بکەنەوە، هاوکات دۆسیەى گیان لەدەست دانى کرێکارەکەش ڕەوانەى دادگاى تایبەتمەند دەکرێت".
لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا وێڕای هاوخەمی بۆ رووداوەكە، داوایەكیش لە تەواوی كرێكاران دەكات كە لە كاتی بوونی كەموكووڕی و سەرپێچی ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتییەكە بكرێتەوە، "وەک بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى وێڕاى سەرەخۆشی لە بنەماڵەى کۆچکردوو، خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین و داواش لە کرێکارانى خۆشەویست دەکەین، لە کاتى بوونى هەر کەم و کووڕى و سەرپێچییەک کە مەترسی بخاتە سەر ژیانى کرێکاران، پێوەندی بە هێڵى گەرمى ژمارە (5500)ەوە بکەن."