بۆ ئەوەی لە كاتی دەرهێنانی پاسپۆڕتدا 100 هەزار دینار زیادت لێ وەرنەگیرێت ئەم ئاگەدارییە بخوێنەوە

:: PM:06:48:18/07/2024 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆڕتی سلێمانی لەبارەی رێنوێنیی نوێی دەرهێنان و نوێكردنەوەی پاسپۆڕتی ئەلیكترۆنی ئاگادارییەكی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، كە ئێستە پێویستە بۆ سەرەگرتن و پێدانی پاسپۆڕت پڕۆسەی "حجز"ی ئەلیكترۆنی ئەنجام بدەیت، بەپێچەوانەوە هاووڵاتی 100 هەزار دینار زیاتر رسوومات لە دەرهێنانی پاسپۆڕت لێ وەردەگیرێ.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی تەمووزی 2024، لە ئاگادارییەكی بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆڕتی سلێمانیدا هاتووە، بۆ سەرەگرتن و پێدانی پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنی "حجز الالكتروني" پێویستە سكانی (QR)ێك بكەیت كە لەگەڵ ئەم هەواڵەی "وشە"دا هاوپێچە (سەیری بەشی خوارەوەی هەواڵەكە بكە)، و ئەم باركۆدە كارا دەبێت و بەردەستە تاكو شوێنی سەرەگرتن نامێنێت. 

بەڕێوەبەرایەتییەكە روونی كردووەتەوە، نرخی تێچووی پاسپۆڕت 91 هەزار دینارە ئەگەر "حجز"ی ئەلیكترۆنی بكرێت لەلایەن هاووڵاتییانەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر "حجز"ی ئەلیكترۆنیی ئەنجام نەدابێت ئەوا پێویستە 100 هەزار دینار رسوومات زیاتر بدات بەم شێوەیە تێچووی دەرهێنانی پاسپۆڕت بۆ هاووڵاتی دەبێتە 191 هەزار دینار. 

لە بەشێكی تری ئاگەدارییەكەی بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆڕتی سلێمانی خاڵێكی تری گرنگ ئاماژەی بۆ كراوە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی كە نۆرەیان بۆ دوای سەعات 12ی نیوەڕۆ بۆ هاتووەتەوە، دەبێت ئەو هاووڵاتییانە دوو سەعات پێش وەخت سەردان بكەن، بۆ ئەوەی فریای تەواوكردنی مامەڵەكان بكەون لە بەڕێوەبەرایەتییەكە. 

ئاماژە بەوەیش كراوە، تەنیا كار بە كارتی نیشتمانی و كارتی زانیاریی رەسەن "ئەسڵی" دەكرێت، كار بە "سورە قەید"ی ئەلیكترۆنی، پێناسی باری شارستانی و رەگەزنامەی عێراقی ناكرێت. 

جگە لەم باركۆدەی لەگەڵ ئەم هەواڵەدا هاوپێچە دەتوانیت لێرەیش كلیك بكەیت بۆ وەرگرتنی سەرەی پاسپۆڕت.




وشە - پۆڵا مەحموود