تاقە كچێكی هەبوو خستییە سەر جادە

:: PM:07:07:18/07/2024 ‌

لە رووداوێكی نامۆدا باوكێك كچە تاقانەكەی لە ماڵ دەردەكات و رەتی دەكاتەوە چیتر خەرجییەكانی بگرێتە ئەستۆ، ئەوەش لەسەر داوا و بۆ رازیكردنی هاوسەرە نوێیەكەی، ئەو بە كچە قوتابییەكەی گوتووە كە خۆت كار بكە و خەرجیی خۆت دابین بكە.

رووداوەكە لە میسر رووی داوە، نوها جوندی، پارێزەر وردەكاریی رووداوەكە ئاشكرا دەكات و دەڵێت، ئەو كچە كە ئەوی وەك بریكار گرتووە، قوتابییە لە پەیمانگەی خزمەتگوزاریی كۆمەڵایەتی، دوای ئەوەی ساڵێكە هاوسەرگیرییان كردووە لەگەڵ باوك و باوەژنی ژیاوە، سەرەتا مامەڵەی باوەژنی ئەو كچە باش بووە، بەڵام دوای دووگیانبوونی، مامەڵەی گۆڕاوە و بەهەر شێوەیەك ویستوویەتی بێزاری بكات، تا رۆژێك كێشەی لەگەڵ دروست دەكات و داوا لە باوكەكە دەكات كە كچەكەی لە ماڵ بكاتە دەرەوە.

ئەو پارێزەرە دەڵێت، باوكەكەش لەسەر داوای هاوسەرە نوێیەكەی تاقە كچەكەی لە ماڵ دەركردووە، كچەكە گوتوویەتی بۆ كوێ بچێت؟، باوكەكە پێی گوتووە چی دەكەی بیكە، بۆ خۆت كارێك بكە، من ناچار نیم خەرجییەكانت دابین بكەم.

ئەو پارێزەرە دووپاتی كردەوە كە بەپێی یاسا باوك پابەندە بە دابینكردنی خەرجی كچ تا كاتی هاوسەرگیری دەكات، بەڵام بەهۆی ئەوەی كچەكە خراوەتە سەر شەقام و بێ هیچ پارەیەك پەنای بۆ كەسوكاری دایكی خۆی بردووە، بە ناچاری كەیسێكی دابینكردنی خەرجی لەسەر باوكی كردووەتەوە، بۆ ناچاركردنی بۆ دابینكردنی خەرجییەكانی.

دوای ئەوە دادگای خێزان بڕیاری ناچاركردنی باوكەكەی داوە بە دابینكردنی بڕێك پارەی مانگانە، 1500 جونەی، بۆ كچەكە، ئەگەرچی باوكەكە دۆخی دارایی باشە و فەرمانبەری حكوومەتە و لەگەڵ براكەی بە هاوبەشی خەریكی بازرگانیی ئۆتۆمبێلن، بەڵام كچەكە نەیتوانی ئەوانە لە دادگا بسەلمێنێت، تەنیا ئەوە خراوەتە روو كە باوكەكە مووچەیەكی كەمی هەیە و باوكەكەش لەبەردەم دادگا گوتوویەتی كە خەرجی هەیە و هاوسەرگیری تری كردووە.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل