ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانیی ئەمەریكی، تیشكی خستووەتە سەر ئەو شەپۆلە گەرما توندەی رووی لە عێراق و وڵاتانی كەنداو كردووە، بە شێوەیەك گەیشتووەتە ئاستێك كە ئیدی بەرگە ناگیرێت و مەترسی بۆ سەر ژیانی خەڵكی دروست دەكات، چونكە لە هەندێ شوێن تەنانەت 65 پلەی سیلیزی بڕیوە.
ئەمڕۆ هەینی، 19ی تەمووز، ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"ـی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، ئەو پلە گەرما بەرز و شێ زۆرەی ناوچەكانی كەنداوی عەرەبی گرتووەتەوە، كاریگەری گەورە لەسەر ژینگە بە گشتی دروست دەكات و مەترسیشە بۆ ژیان.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ئەمەریكییە، ئەم پلە گەرما زۆرەی ئەمساڵ، لە مانگی ڕابردوودا پێنج كیشوەری گرتبووەوە و زەوی بە گەرمترین دۆخدا تێ پەڕی، زانایانیش دەڵێن، ئەمە زیان بە ژیانی مرۆڤ دەگەیەنێت.
پلەكانی گەرما لە عێراق و باشووری ئێران و چەند شوێنێكی كەنداو، ئەگەر بەرزیی ڕادەی شێی لەگەڵ هەژمار بكرێت، دەگاتە سەروو 65 پلەی سلیزی.
وێڕای ئەم گەرما و شێ زۆرەی لە عێراق و وڵاتانی تری عەرەبی و ئێراندا هەیە، كوردستان بە بەراورد بەو شوێنانە، گەرماكەی لە سنوور نەچووەتە دەر. جێی ئاماژەیە تا ئێستە زۆربەی شارەكانی عێراق لەبەر ئەوەی پلەی گەرما گەیشتووەتە سەروو 50 پلەی سلیزی، دەوامیان ڕاگرتووە، بەڵام لە كوردستان هێشتا نەگەیشتووەتە 45 پلە و ڕادەی شێش لە دۆخێكی مەترسیدار نییە.