لە هەولێر یادی شاكر فەتاح دەكرێتەوە

:: AM:11:27:21/07/2024 ‌
دەزگای كولتووری یاد لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، یەكەمین یادی شاعیر و ڕۆژنامەنووسی دیاری كورد شاكر فەتاح دەكاتەوە.

لە یادەكەدا گوتار، دۆكۆمێنتاری، پانێڵ و ڕێزلێنان، گوڵی وەفا لە هۆتێل شیراتۆنی هەولێر پێشكەش دەكرێت.

شاكر فەتاح یەكێكە لە نووسەرە ناسراو و ناودارەكانی كورد كە لە ماوەیەكی گرنگ و پڕ ڕووداو لە بزووتنەوەی ڕۆشنبیری و ئەدەبیدا، ڕۆڵێكی گەورەی هەبووە، خزمەتی فرەمەزنی نەتەوەكەی كردووە، چونكە بەردەوام خامە ڕەنگینەكەی بۆ مەبەستی وشیاركردنەوەی میلەتەكەی خستووەتە كار، لەم بوارەدا یەكێكە لەو نووسەرانەی كە بەهۆی بەرهەمەكانیەوە وایكردووە بچێتە ڕیزی پێشەنگانی ئەو نووسەرانەی كە بەرهەمیان زۆرە. ئەوانەی كە زۆر كاریان لەگەڵ شاكر فەتاح كردووە و جێپەنجەیان لەسەر كەسێتیی ئەو دیارە، مامۆستایان محەمەدەمین زەكی، تۆفیق وەهبی، حوسین حوزنی موكریانی بوون، هەروەها هۆنراوەكانی حاجی قادری كۆیی زۆر كاری تێكردووە.

لەگەڵ ڕۆژنامەكانی بانگی كوردستان، ڕۆژی كوردستان، ئومیدی ئیستیقلال، بانگی هەق كاری كردووە. شاكر فەتاح لە پیرەمێرد فێری نووسین و خوێندنەوەی كوردی بووە كە چووەتە لای، هانی داوە بۆ كۆكردنەوەی وشەی كوردیی پەتی، زۆرجار بەدوای ئەم وشانەدا زۆر شوێن گەڕاوە و تۆماری كردوون و بۆی بردووە.

شاكر فەتاح ئەحمەد ساڵی 1914 لە سلێمانی لە دایك بووە، سەرەتای خوێندنی لە حوجرە بووە، دواتر چووەتە قوتابخانە و قۆناغەكانی خوێندنی لە سلێمانی و بەغدا تەواو كردووە و ساڵی 1936 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی حقووقی لە زانكۆی بەغدا بەدەست هێناوە، لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان و عێراق وەك بەڕێوەبەری شارەدێ و قایمقام خزمەتی كردووە، ساڵی 1933 كارگێڕی قوتابخانەی زانستی بووە لە سلێمانی، ساڵی 1934 سكرتێر و جێگری سەرۆكی نووسینی گۆڤاری "دیاری لاوان" بووە، ساڵی 1970 بووەتە جێگری سەرۆكی یەكێتیی نووسەرانی كورد، ساڵی 1971 بووەتە ئەندامی كۆری زانیاری كورد، كۆتایی ساڵی 1977 بووەتە جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی یاسادانانی ناوچەی ئۆتۆنۆمی، لە 1980 خانەنشین بووە، 64 پەرتووك و نامیلكەی چاپكراویشی هەیە كە نووسینی خۆین یاخود وەریگێڕاون، شاكر فەتاح ئەگەرچی ماوەیەك ئەندام و جێگری سەرۆكی دەزگا كارتۆنییەكەی مەجلیسی تەشریعی ڕژێمی بەغدا بووە.

 لە سەروبەندی ئەنفال و لە 13ی ئاداری 1988، ئەمیندارێتی گشتیی ڕۆشنبیری و لاوان لە هەولێر چەند سیمینارێكی بەناونیشانی گەلی كورد لە ویژدانی سەرۆك سەدام حوسێندا ڕێكخستبوو، بەشدارانی ئەو سیمینارە بەشان و باڵای سەدام و دەستكەوتەكانی ڕژێمی بەعسدا بۆ كورد هەڵیان دابوو، بەڵام مامۆستا شاكر فەتاح بە پێچەوانەی ئەوانەوە قسەی كردبوو و بەرگریی لە شۆڕش و گەل و نیشتمان و زمانەكەی كردبوو گوتبووی، دەبێ حكوومەتی عێراق گفتۆگۆ لەگەڵ هێزە كوردستانییەكان بكات و گەمارۆی سەربازی لەسەر شار و گوندەكان لاببات، بەندەكانی بەیاننامەی ئادار جێبەجێ بكات و زمانی كوردی بەپێی ئەو بەیاننامەیە كارا بكات، ئەو هەڵوێستە نیشتمانییەی ئامادەبووانی سەرسام و نیگەران كردبوو هەر لە تۆڵەی ئەوەدا، دەزگا تەناهییەكانی ڕژێمی بەعس شەوی 18 لەسەر 19ی ئاداری 1988 لە ماڵەكەی خۆی لە شاری سلێمانی، دەیگرن و دەیبەن بۆ ئەمنی هەولێر و پاش ئازار و ئەشكەنجەیەكی زۆر لە 27ی 6ی 1988 شەهیدی دەكەن .



وشە - سۆران عەزیز