سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار پێشوازیی لە نووسەر و دەرهێنەری بەناوبانگی كورد "كەی بەهار" كرد، ئامانجی دیدارەكەشیان ئەوەیە لەڕێی سینەماوە شوێنە گەشتیارییەكانی كوردستان زیاتر بە دنیا بناسێنن.
بەو پێیەی سینەما و ئەدەب ڕۆڵێكی بەرچاویان لە ناساندنی شوێنە مێژوویی و گەشتیارییەكاندا هەیە، دەستەی گەشتوگوزاری كوردستان چاوی لەوەیە لەڕێی سینەماكارانەوە كاری زیاتر لەسەر بواری گەشتیاری بكات.
ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار لە دیوانی دەستە، پێشوازیی كرد لە نووسەر و دەرهێنەری بەناوبانگی كورد "كەی بەهار"، لە كۆبوونەوەكەدا بە بایەخەوە باس لە ڕۆڵی سینەما و هونەر و ئەدەب كرا، كە دەكرێت ببنە داینەمۆی زیاتر پەرەسەندن و بووژاندنەوەی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان.
كەی بەهار خاوەنی چەندان خەڵاتی جیهانییە لە بواری فیلمسازیدا، وەك یەكەم نووسەری كورد بۆ یەكەمین جار بە زمانی ئینگلیزی ڕۆمانێكی نووسیوە.
لە ڕاگەیەنراوی دەستەكە لەبارەی دیداریان لەگەڵ فیلسازاندا هاتووە، سینەما و ئەدەب كاریگەریی بەرچاو و فراوانیان هەیە لە بواری گەشتیاری و پێشخستنی وڵات و ناساندنی وەك شوێنێكی گەشتیاری.
لای خۆیەوە سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاریش ئاماژەی بەوە داوە، سینەما فاكتەرێكی بەهێزە بۆ زیاتر هاندانی گەشتیاران بۆ سەردانیكردنی ئەو شوێنانەی كە لە فیلمەكاندا نمایش دەكرێن، بەو پێیەی كوردستان وڵاتی شارستانی و مێژوو و سروشتە، بۆیە هانی سینەماكارانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەدەین كە كوردستان وەك لۆكەیشنی كارەكانیان بە كار بهێنن.
هاوكات ئامادەیی دەستەكەیانی دەربڕی بۆ هەر هاوئاهەنگییەك كە ببێتە هۆی زیاتر ڕەنگدانەوەی كوردستان لە بەرهەمە سینەماییەكان. دووپاتی كردەوە كە دیمەنی سروشت و شوێنەوارە دێرینەكانی هەرێمی كوردستان، لە فیلمەكاندا كاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر ڕاكێشانی سەرنجی گەشتیاران.
شایانی باسە لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا دەرهێنەر كەی بەهار بە هاماهەنگی لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزار، لە رێی وێنە و ڤیدیۆوە كار بكات بۆ ئاشناكردنی سینەماكارانی كورد و نێودەوڵەتی بە شوێنە سەرنجڕاكشەكانی هەرێمی كوردستان، بە ئامانجی بەكارهێنانیان وەك شوێنی وێنەگرتنی كارە سینەماییەكان.