كاسبكارانی سلێمانی گردبوونەوە و رێیەكی سەرەكی ئەو شارەیان داخست و دەڵێن بەرپرسانی سلێمانی خەیاری بە قاچاخ دەهێنن.
ئەمڕۆ سێشەم 23ـی تەمووز، كاسبكارانی عەلوەی سلێمانی لە بەردەم بینای پارێزگای سلێمانی گردبوونەوە و شەقامی سەرەكی سلێمانی - راپەڕین-یان داخست.
هۆكاری خۆپێشاندانەكەیان گەڕاندەوە بەهۆی ئەوەی بەرهەمەكانیان ساغ نابێتەوە و كاری قاچاخچییەتی كەوتووەتە ناو كارەكانیان.
ئەو جووتیارانە دەڵێن، دەسەڵاتدارانی سلێمانی بەرهەمی خەیار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و ئێران دێننە سلێمانی، ئەمەش وادەكات بەرهەمەكانمان ساغ نەبێتەوە لە بازاڕدا و تووشی زیان بین.