نەعناع: سەرۆكی نوێی ئەمەریكا بڕیاری كشانەوە یان نەكشانەوە لە عێراق دەدات

:: PM:08:02:23/07/2024 ‌

ناوە ناوە حكوومەتی عێراق لەسەر ئاستی فەرمی باسی بەردەوامیی گفتوگۆی كۆتاهێنان بە ئەركی هێزی سەربازیی هاوپەیمانان و ئەمەریكا لە عێراق دەكات، دووپاتی دەكاتەوە كە بەم نزیكانە دەگەنە رێككەوتن لەسەر دانانی خشتەیەكی كاتی بۆ كشانەوەی ئەو هێزانە، گرووپە چەكدارەكانیش هەڕەشەكانیان نوێ دەكەنەوە، لەناو بوونی دەنگۆی پێویستی پرۆسەكە بە چەند ساڵێك، شارەزایەكی عێراقی رووناكی دەخاتە سەر وردەكاریی بابەتەكەوە.

د. محەمەد نەعناع، شرۆڤەكار و توێژەری سیاسی لەوبارەوە بە "وشە"ی گوت، بەپێی زانیارییەكان تا ئێستە وادەیەك بۆ ئەو بابەتە دیاری نەكراوە، ئێستە ئیدارەی ئەمەریكا و حكوومەتی عێراق لە گفتوگۆدان و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەكە و بوونی ئەو هێزانە بەگشتی دەكەن، بەڵام تا ئەو ساتە هیچ خشتەیەكی كاتی بۆ ئەو بابەتە دیاری نەكراوە، واتە بۆ كشانەوە یان نەكشانەوەی ئەو هێزانە.

زیاتر گوتی، بۆیە گفتوگۆ بەردەوامە و ئەمەریكییەكان باسی رێزگرتن لە سەروەریی عێراق و گرنگیدان بە دۆخی ئەو وڵاتە دەكەن، حكوومەتی عێراقیش باسی ئەوە دەكات سەروەریی عێراق تەواو بكات، بەڵام وەك نووسراو و رێككەوتنی هەردوولا، كە وادەی كشانەوە دیاری بكات یان شێوەی نوێی پێوەندیی هەردوولا و ئەركی نوێی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەكانی ئەمەریكا دیاری بكات، تا ئێستە نەخراوەتە روو و هیچمان لەبارەیەوە نەبیستووە.

ئەو توێژەرە سیاسییە دووپاتی كردەوە كە جیا لەوە بەهۆی نزیكیی هەڵبژاردنی ئەمەریكا بڕیارێكی ئەمەریكی لەوبارەوە بەم نزیكانە نابێت، بەڵكو تا دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە و هاتنی سەرۆكی نوێی ئەو وڵاتە بۆ كۆشكی سپی ئەو بڕیاری كشانەوە یان نەكشانەوە دەدات.

تا ئێستە گفتوگۆ و بینە و بەردەی عێراق و ئەمەریكا لەبارەی مانەوە و نەمانەوەی هێزی هاوپەیمانان و ئەمەریكا و ئەركی داهاتوویان و گۆڕانی پێوەندیی ئەوان لەگەڵ عێراق لە گفتوگۆدایە، گرووپە چەكدارەكان كە بە فەرمانی ئێران لەسەر بابەتەكە سوورن، جار جار چاو لە حكوومەتی عێراق سوور دەكەنەوە، كەسێكی نزیك لە نووسینگەی محەمەد شیاع سوودانی ئاشكرای كرد كە ئەو بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی راگەیاندووە بەوەی داوایان لە ئەمەریكا كردووە لە ماوەی شەش مانگ هێزەكانی لە عێراق بكشێنێتەوە، لەوكاتەی ئەمەریكا داوای دوو ساڵی كردووە، بۆیە گفتوگۆ لە نێوانیان بۆ گەیشتن بە ماوەیەكی دیاریكراو بەردەوامە.

لەو كاتەی عێراق باسی ئەوە دەكات كە گفتوگۆ بەردەوامە و داوای لە ئەمەریكا كردووە كشانەوەی هێزی خۆی و هاوپەیمانان لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ دەست پێ بكات و لە ئەیلوولی 2025 بەتەواوی كۆتایی پێ بێنێت، لەگەڵ ئەگەری مانەوەی بەشێك لە هێزەكانی ئەمەریكا وەك راوێژكار، ئەوەش لە میانی گفتوگۆكانی دوایی بووە. 

پنتاگۆن سەبارەت بە گفتوگۆكانی عێراق و ئەمەریكا كە لە واشنتن ساز دەكرێت، رای گەیاند هەڵسەنگاندن بۆ توانای داعش و توانا و هێزی سوپای عێراق لە رووبەڕووبوونەوەیان كراوە، ئیلینا رۆمانۆوسكی، باڵوێزی ئەمەریكا دەڵێت، لە گفتوگۆی هاوبەشی تەناهیی لە نێوان ئەمەریكا و عێراق لە واشنتن هەردوولا تاوتوێی ئەركی داهاتووی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بەهێزكردنی هاریكاریی تەناهی نێوان هەردوو وڵات دەكەن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل