فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەواڵی چەواشەكاریی میدیای یەكێك لە حزبەكان ئاشكرا دەكات، کە بڵاوی كردبووەوە لە كوردستاندا گوایە لەلایەن فەرمانگەكەیانەوە رێكخراوێكی "هاوڕەگەزبازی" مۆڵەتی كاركردنی پێ درابێت. روونیشی كردووەتەوە، ئەو لایەن و دەزگایەی هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە ئامانج لێی بەكارهێنانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و راكێشانی سۆزی هاووڵاتییانە بەلای خۆیاندا.
ئەمڕۆ پێنجشەم یەكی ئابی 2024، لە روونكردنەوەیەكی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكاندا هاتووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن دەزگایەكی ڕاگەیاندن كە زمانحاڵی حزبێكی كوردستانە، بێ بوونی زانیاری و بەڵگەی دروست و گەڕانەوە بۆ سەرچاوەی فەرمی، بە چەند هەواڵێكی چەواشەكاری، فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكوومییەكانی كوردستان تۆمەتبار دەكات بە دامەزراندنی ڕێكخراوێك كە بە زمانی ئەوان "هاوڕەگەزبازی"یە. لە بنەڕەتدا بەكارهێنانی ئەو وشەیە دەچێتە چوارچێوەی شێواندنی دەروونی كۆمەڵگەکەمان.
لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە كراوە، ئەم كەناڵە هەموو ئەو بەها ئەخلاقی و ئیتیكیانەی تێپەڕاندووە كە لە یاسای ڕۆژنامەگەریی كوردستان ژمارە (35)ى ساڵی 2007 و بەڵێننامەی شەرەفی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان دیاری كراوە، پێشێلی پیشەی ڕۆژنامەنووسیشی كردووە؛ چونكە بەبێ سەرچاوەی ڕاست و دروست هەواڵەكەی بڵاوكردووەتەوە، بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵەش بوو بەهۆی ئەوەی دوێنێ چەند کەس و لایەنێک كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ڕێك بخەن و بەیاننامەیەكی چەواشەكاریی بێ بنەمای تێدا بەیان بكەن كە وشە بە وشەی بەیاننامەكە بێ بەڵگە و تۆمەتێكی دروستكراو و هەڵبەستراو و چەواشەكارییە لە پێناو شێواندنی دەروونی هاووڵاتییانی ئازیزی كوردستان.
"ئێمە تێدەگەین مەرامی ئەم دەزگا و كەس و لایەنانە چیە و دەشزانین (ئاینی پیرۆزی ئیسلام) بەكاردەهێنن بۆ مەرامەكانیان و دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە سۆزی هاووڵاتییان بەلای خۆیاندا ڕابكێشن، بۆ كۆكردنەوە و زیادكردنی چەند دەنگێك، بەڵام هاووڵاتییانی خۆشەویستی هەرێمی كوردستان زۆر بە ئاگا و هۆشیارن لە بەرانبەر ئەم چەواشەكارییانەدا". لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەی فەرمانگەى ڕێکخراوە ناحكوومییەكاندا وا هاتووە.
لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەی فەرمانگەكەدا روون كراوەتەوە، ئێمە وەك تیمی نوێی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكان لە ژێر ڕۆشنایی یاسای ژمارە (1)ى ساڵی 2011 و پەیڕەوی ژمارە (4)، كاروبارەكانمان بەڕێوە دەبەین و سەرقاڵی داڕشتنی پلانێكی تۆكمەین كە ڕێكخراوەكان ئازادانە لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكانی عێراق و هەرێمی كورستان كار و چالاكیی گرنگ و كاریگەر ئەنجام بدەن بۆ بوژانەوەی ژێرخان و سەرخانی كوردستانی ئازیز، ئامانج و پەیام و خەمی گەورەی ئێمە پاراستنی نیشتمان و خۆشەویستیی خاك و بەها باڵاكان و ئاكارە جوانەكانی كۆمەڵگەكەمانە بە هەموو نەتەوە و ئاین و پێكهاتەكانییەوە.
لە بەرانبەر چەواشەكارییەكاندا، فەرمانگەكە رێكارەكانی خۆی ئاشكرا كردووە و ئاماژە دراوە بەوەی كە لێپێچینەوەی یاسایی دەگرنەبەر بەرانبەر ئەو كەس و لایەن و دەزگا ڕاگەیاندنانەی كە جگە لە چەواشەكاری و بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست، هیچی تر لە هەگبەیاندا نییە. بە وزەیەكی نوێ و عەقڵێكی مەدەنیەوە كاردەكەین بۆ گەشەكردن و پێشخستنی ڕەوتی ڕێكخراوەیی لە هەرێمی كوردستاندا.
لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا هاتووە، هەر لێرەشەوە ڕای دەگەیەنین كە لە هەیكەلیەتی كارگێڕیی فەرمانگەكەماندا پلەیەك نییە بە ناوی ڕاوێژكار، بەڵكو بەپێی پەیڕەوی ژمارە (4)/مادەی دووەم/ بڕگەی یەكەم، بەرزترین پلەی كارگێڕی لە فەرمانگەكەماندا "بەڕێوەبەری گشتی"یە.