دەقی گفتوگۆی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و نوێنەری مامۆستایان

:: PM:09:14:25/08/2024 ‌
ئەمڕۆ یەکشەم، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دا 38 هەزار مامۆستای وانەبێژ لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێم بەشێوەی گرێبەست دابمەزرێن و وەك لە ڤیدیۆی بڵاوكراوەی گفتوگۆی نێوان نوێنەری وانەبێژان و مەسروور بارزانیدا دەبینرێت، داواكاری مامۆستایانی وانەبێژ لەلایەن سەرۆكی حكوومەتەکەیانەوە جێبەجێ دەكرێت و لە بەرانبەریشدا سەرۆكی حكوومەت چەند روونكردنەوەیەك لەبارەی دامەزراندنیان و هۆكاری دواكەوتنیشی دەخاتە ڕوو. 

ئەمڕۆ یەکشەم 25ی ئابی 2024، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری دامەزراندنی 38 هەزار مامۆستای وانەبێژی بە شێوەی گرێبەست دا، بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی بڵاو كراوەتەوە لەلایەن ڕاگەیاندنی حکوومەتی هەرێمەوە، لە كاتی گفتوگۆی نێوان مامۆستاكان و سەرۆكی حكوومەتدا، یەكێك لە مامۆستاكان دەڵێت: بە درێژایی دوێنێ شەو نەخەوتووم و هێندە گەشبین و دڵخۆشبووم كە هەواڵی دڵخۆشكەر دەدەیت بە 38 هەزار خێزانی ئەم نیشتمانە. 

وەك لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێت، جگە لە قسەی چەندان نوێنەری تری مامۆستایانی وانەبێژ، كە رووی داواكارییەكانیان ئاڕاستەی سەرۆكی حكوومەت كردووە، لە وەڵامی هەموو داواكارییەكاندا وێڕای بڕیاردانی لەسەر دامەزراندنیان، هاوكات بۆ "نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ"ی روونی دەكاتەوە، "ئەگەر بێیتە سەر رێژەی دامەزراندن لە تەواوی عێراقدا، هەرێمی كوردستان بێبەش كراوە لەو دامەزراندنانەی لەسەر ئاستی هەموو عێراق، حکوومەت كردوونی".

سەرۆكی حكوومەتی هەرێم زیاتر روونی دەكاتەوە، هەندێكجار خەڵكی ئێمە برسی دەكەن و وا دەكرێت لەلایەن بەغداوە خەڵكی ئێمە برسی بكرێت و نانبڕاو بكرێت و مووچە نەدرێت، ئینجا دێن لێرەوە "تەحریك"ی مامۆستا و هاووڵاتییان دەكەن و دەڵێن، دەبێ گلەیی لە حكوومەتی هەرێم بكەن. 

بارزانی بە پرسیارەوە روو لە ئامادەبووان دەكات، دەڵێ: گلەیی لە كێ بكرێت؟ هۆكاری نانبڕینی ئێوە و خەڵكانی تر كەسێكی ترە، بەڵام پێتان دەڵێن، دەبێ دژی خۆتان هەڵوێست وەرگرن و رازی نەبن و ناڕەزایەتی خۆتان دەربڕن، بەڵام نایەن هۆكارەكە دیاری بكەن یا ئەو كەسەی بووەتە هۆی نانبڕینی ئەو خەڵكە گلەییەكە ئاڕاستەی ئەوان بكرێت. 

مەسروور بارزانی لە بەشێكی تری قسەكانیدا بۆ نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ گوتی، من داواتان لێدەكەم و حەزدەكەم یارمەتی ئێمە بدەن لەوەی راستییەكان بۆ خەڵك باس بكرێت و روون بكرێتەوە كە هۆكاری ئەوەی وەك لە ئاستی تمووحی خۆمان نەمانتوانیوە خزمەت بكەین، بەستنی دەستمان بووە لەو ئیمكانیاتانەی حەقی ئێوە بووە، بەڵام حكوومەتی فیدراڵی نەیهێشتووە خەڵكی كوردستان بەشێوەیەكی دادپەروەرانە سوودمەند بێت. 

"ئێنجا دێن داوا لە مامۆستا دەكەن بێن خۆپێشاندان بكەن" سەرۆک وەزیران وای گوت. دووپاتیشی كردەوە كە خۆپێشاندان مافێكی مەدەنی هەموو هاووڵاتییەكە، بە خۆپێشاندان داوای مافەكانی خۆی بكات، بەڵام خۆزگە ئەو لایەنەی تاوانبارن بەرانبەر خەڵكی كوردستان، ئاڕاستەی پەیامەكان بەرەو رووی ئەوان بووایە، نەك بێن لە لایەكەوە خەڵك برسی بكەن و لەلایەكی تریشەوە بێین هەر خۆمان گلەیی لە خۆمان بكەینەوە. 

مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتى هەرێمی کوردستان، بە نوێنەری مامۆستایانی راگەیاند، رەفتاری ئێوە و لەخۆبووردەییتان، ئەو وانەیەیە؛ كە دەبێت قوتابی لێتان فێر بێت، ئێوە هەمووتان جێی رێزن و دەبێت داواكارییەكانتان لەبەرچاو بگیرێت و هەمووتان بەشێوەی گرێبەست دادەمەزرێن و مافی خۆشتانە و دڵنیاش بن، پشتیوانتان دەبین.

لە كۆتایی قسەكانیدا بارزانی بە مامۆستایانی گوت، داواكارم بەردەوام بن لەسەر خۆڕاگری و ئەو بەها پیرۆزانەی تر كە هەم خۆتان لەسەری پەروەردە كراون، هەمیش قوتابی و منداڵەكانی تر لەسەر ئەو بەهایانە پەروەردە دەكرێن و شانازیشتان پێوە دەكەم كە بەردەوام ئەركی خۆتان و پیشەی خۆتان بەشێوەیەكی وا مومارەسە كردووە، وەك بەرپرسیاریەتییەك سەیری پیشەكەی خۆتانتان كردووە و خەمی منداڵ و نەوەی داهاتووتان لە سەرووی خەمی خۆتانەوە داناوە.




وشە - پۆڵا مەحموود