بەڕێوەبەریك گیرا و سێ مامۆستاش سكاڵایان لەسەر تۆمار دەكرێت

:: PM:11:12:18/05/2017 ‌

بەهۆی خراپی رەفتاركردن لەگەڵ قوتابییانەوە لە دوو ناوچەی جیاوازی دەڤەری گەرمیان بەڕێوەبەری قوتابخانەیەك گیرا و سێ مامۆستاش سكاڵایان لەسەر تۆمار دەكرێت، ئەوەش بەتۆمەتی هاندانی خۆكوشتنی قوتابییەك و دەرهێنانی چاوی قوتابییەكی تر.

رائید عەلی جەمال، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان ئەمڕۆ پێنجشەم بە "وشە"ی راگەیاند، لەسەر سكاڵای قوتابییەك بەناوی عەلی نوردەین، كە 16ی ئەم مانگە خۆی كوشت، مامۆستایەك بە مادەی 406ی تاوان گیرا.

زیاتر گوتی، ئەو مادە تایبەتە بەهاندان بۆ خۆكوشتن كە بە پێی قسەی كەسوكاری گوایە ئەو مامۆستایە هۆكاربووە بۆ خۆكوشتنی قوتابییەكە و ئێستەش مامۆستاكە كە هاوكات بەڕێوەبەری قوتابخانەیە لە گرتن و گواستنەوەی گەرمیان بەندە.

هاوكات لە شارەدێی بەمۆی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە كە سەر بە پەروەردەی گەرمیانە، كەسوكاری قوتابییەك بە بیانووی زیانگەیاندن بە چاوی منداڵەكەیان، سكاڵایان لەسەر سێ مامۆستای قوتابخانەیەك تۆمار كرد.

دارا ئەحمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی گەرمیان لەو بارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، قوتابخانەی "گمە" و تەواوی سەر بە بەمۆ هێشتە لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە پەروەردەی گەرمیانن، بۆیە سكاڵای ئەو ناوچەیە دێتە لای ئێمەوە.
رای گەیاند كە كەسوكاری قوتابییەك سكڵایان لەسەر سێ مامۆستا تۆمار كردووە بەوی ئەوان چاوی منداڵیكیان دەرهێناوە، ئاماژەی كرد، مامۆستاكان رەتیان كردووەتەوە كە چاوی قوتابییەكەیان دەركردبێ و منداڵەكە دار چووە بە چاویدا، بۆیە لیژنەی لێكۆڵینەوەمان پێك هێناوە.

"وشە" پێوەندی بە موحسین ئەمین باوكی ئەو منداڵەوە كرد و ئەویش هێندەی گوت كە چاوی منداڵەكەی دەرهێنراوە، شایەنی باسە منداڵەكە ناوی پەێرەو موحسینە و تەمەنی 12 ساڵە و لە پۆلی پێنجەمی بنەڕەتییە.

گەرمیان/ سەبری هۆرینی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل