حەلبووسی بۆچی هێرش دەكاتە سەر پێشمەرگە؟

:: PM:10:44:16/09/2024 ‌

بەر لە 40 رۆژ ئەمەریكا بە رەزامەندیی حكوومەتی عێراق 24 تۆپهاوێژی پێشكەوتووی لە جۆری "هاوتزەر"، بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دا، كە بەشێكە لە سیستمی بەرگری و دامەزراوەی سەربازیی عێراق، كەچی لە دوو رۆژی رابردوو محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی حزبی تەقەدوم و سەرۆكی دەركراوی پەرلەمانی عێراق، لە پۆستێك ئەو بابەتەی بردەوە لایەكی تر و بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی كۆمەڵگەی عێراقی، بەتایبەتی لە نەینەوا و كەركووك لە قەڵەم دا.

سەرچاوەیەك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاشكرای كرد كە پۆستەكەی حەلبووسی شەرمەزارییەكی گەورەی بۆ هێزە شیعەكان دروست كردووە، بەتایبەتی ئەوان حكوومەت بەڕێوە دەبەن و لە 2014ەوە رێگرن لەوەی ئەمەریكا چەكی قورس بە كورد بدات، بۆیە رەنگە بەو هۆیەوە حكوومەتی سوودانی رووبەڕووی رەخنەی توند لە لایەن سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ببێتەوە و داوای گەڕاندنەوەی تۆپهاوێژەكان بكەنەوە، ئەگینا كێشە بۆ حكوومەتەكە دروست دەكەن، ئەگەرچی ئەوان باش دەزانن مەبەستی حەلبووسی لە قسەكانی سیاسییە و بەهۆی ناكۆكییە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانەوە.

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی لەبارەی پۆستەكەی حەلبووسی نووسیویەتی، هەڵوێستی محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پێشووی پەرلەمان و بێبەشكراو بە یاسا لە وەرگرتنەوەی پۆستەكە بەرانبەر بە رادەستكردنی پێشمەرگە بۆ بڕێكی بچووك لە چەكی بەرگریكردن لە هاوپەیمانان، رەنگدانەوەی سیاسەتێكی پەهلەوانی پۆپۆلیستیی هەرزانبەها و عەقلیەتێكی نەخۆشی سیاسەتوانێكی سەركەوتووی بە رێكەوتە، ئەگینا بۆچی ئەو چەكانە تەنیا لە دژی دوژمنانی عێراق بەكار نایەن؟

لای خۆیەوە ماجید شنگالی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئەویش نووسیویەتی، كەسێك، وەك ئاماژە بۆ حەلبووسی، زۆر لەخۆی بایی بوو و سنوورەكانی بەزاند، ویستی دوور لە رێنوێنییەكانی لایەنێكی هەرێمایەتی، وەك ئاماژە بۆ ئێران، كە پاڵپشت و سەرپەرشتیاری رژێمی سیاسیی ئێستەیە یاری بكات، بۆیە دەركرا و بۆ ماوەیەكی نادیار لە یاریكردن بێبەش كرا، ئێستەش دەستی بە خۆنزیككردنەوە لەو لایەنە و نزیكەكان لێی بە دەستەوارەكانی دیالە و كەركووك و ئێستەش رەتكردنەوەی چەكداریكردنی پێشمەرگە بە پاساوی پارێزگاریكردن لە پێكهاتەكەی كردووە.

هەر لەوبارەوە كیفاح مەحموود، توێژەر و راوێژكاری سیاسیی سەرۆك بارزانی دەڵێت، كاتی باسكردنی بابەتەكە لەلایەن حەلبووسی جێی گومانە، بەتایبەتی پێش زیاتر لە 40 رۆژ رێككەوتن هەیە بۆ رادەستكردنی ئەو تۆپهاوێژانە بۆ هێزی پێشمەرگە، كە بەشێكی گرنگی دامەزراوەی سەربازیی عێراقە. 

زیاتر گوتی، ورووژاندنی ئەو بابەتە لە لایەن حەلبووسی یان كەسانی تر، نیشانەی زۆری پرسیاری لەسەرە، بەتایبەتی ئێمە لە بەرانبەر بە دوو رەوتداین، یەكێكیان كار بۆ چارەسەركردن و بەسفركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكات و ئەوەی تر كار بۆ پەكخستنی ئەو چارەسەرییە دەكات، رەوتی پەكخەر بە رێنوێنیی چەند گرووپێكی دیاریكراوی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەموو هەوڵێك دەدات بۆ تێكدانی كەشوهەواكە و سەرنەكەوتنی هەوڵەكانی هێوركردنەوە و چارەسەری لە نێوان بەغدا و كوردستان.

مەحموود دووپاتی كردەوە، بەڵام هەوڵەكانی پەكخستن سەركەوتوو نابێت، بەتایبەتی كۆمەڵگەی سوننە لەوپەڕی ئەنبارەوە تا ئەو پەڕی نەینەوا رێزێكی گەورەیان بۆ كوردستان و هێزی پێشمەرگە و سەرۆك بارزانی هەیە، هەڵوێستی پێشمەرگەش لای عێراقییەكان زانراوە و قوربانی گەورەی لە شەڕی دژ بە داعش داوە و بەشێكیشە لە دامەزراوەی بەرگریی عێراق.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل