محەمەد شیاع سوودانی: راستەوخۆ دانی مووچە بەفەرمانبەرانی كوردستان لەلایەن بەغداوە نادەستوورییە

:: AM:10:14:03/11/2024 ‌
سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند، ئەگەر راستەوخۆ مووچە بدەینە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، ئەوا قەوارەیەكی دەستووری نامێنێت بەناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا رای گەیاندووە، "ئەگەر بڵێن پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەشێوەی راستەوخۆ بەغدا بیدات، ئەوكات قەوارەیەكی دەستووری نامێنێت بەناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان".

سوودانی لە چاوپێكەوتنەكەیدا ئاماژەی بەوەش كردووە، "ئەگەر هەرێمی كوردستان بەوە رازی دەبێت، ئێمە سبەینێ ئەوە جێبەجێ دەكەین، بەشێوەی راستەوخۆ لە وەزارەتی داراییەوە مووچە دەدەین، بەڵام زۆرینەی خەڵكی كوردستان بەوە رازی نین".

ئەم مەترسییە تەنانەت كاربەدەستانی بەغداش هەستی پێ دەكەن و لێرە و لەوێ باسی دەكەن، بەڵام هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی و كادر و خەڵكی ئەملاو لای سەربە و گرووپانە، ئیش بۆ لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكەن.

سوودانی لە درێژەی لێدوانەكەیدا دەڵێت: هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستوورییە، پێش ئەوەی حكوومەتی نوێی عێراق دروست بێت، هەرێمی كوردستان هەرێمێكی واقیعی بووە لە عێراق، بۆیە حكوومەتی ناوەند ناتوانێ راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ فەرانبەرانی كوردستان بكات، دەبێت هەموو مامەڵەیەكی بەغدا لە رێگەی حكوومەتی هەرێمەوە بێت.

لە نوێترین هەوڵیشیاندا دەیانەوێ كارمەندانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەغداوە راستەوخۆ مووچە وەربگرن، ئەم بێ موبالاتییەیان گەیشتووەتە ئاستێك بەتەواوی بوونەتە مەترسی لەسەر قەوارەیەكی دەستووریی وەك هەرێمی كوردستان لە عێراقدا.

بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، دەبێت حكوومەتی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی حكوومەتی هەرێمەوە خەرج بكات.



وشە - سۆران عەزیز