"بافڵ تاڵەبانی بۆی نییە دەست لە كار و پڕۆژەكانی حكوومەت وەربدات"

:: PM:09:06:04/11/2024 ‌

وەیسی سەعید، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی "وشە" دا تیشك دەخاتە سەر چەند پرسێكی تایبەت بە پڕۆژەی "هەژماری من" و رێكارەكانی حكوومەت لەوبارەوە، ئەو پێی وایە حكوومەت ئەو پڕۆژانە بۆ خزمەتی هاووڵاتی و فەرمانبەران دەكات و كەسانێك كە هیچ پلە و پۆستێكی فەرمییان نییە، بۆیان نییە دەستوەردان لە كارەكانی حكوومەت بكەن.

*بۆچی كابینەی نۆ زۆرترین دژایەتی كرا و زیاترین بەربەستی بۆ دروست كرا؟

ئەوە روون و ئاشكرایە، كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێگەی  ئومێدی هاووڵاتییانی كوردستان بوو، چونكە سەرەڕای هەموو دژایەتییەكان توانی بەسەر گشت تەنگژەكاندا سەر بكەوێت، بە كردار سەلێمندرا كە كاروانی ئاوەدانی لە سەرجەم شار و شارۆكەكانی كوردستان وەك رۆژی رووناك دیارە، ئەوانەشی دەیانویست حكوومەت لاواز بێت و توانای كار و پڕۆژە و خزمەتی نەبێت، دژایەتییان كرد و رووبەڕووی وەستانەوە، بۆیە سەركەوتنی حكوومەت كەوتن و شكستی ئەوان بوو.

*بۆچی یەكێتی لەسەر ئاستی حزب و فراكسیۆنەكانیش زۆر دژایەتیی حكوومەتی كرد؟

یەكێتی لە قۆناغەكانی پێشوو بەشدار و ئاگەداری ورد و درشتی كاروبارەكانی  حكوومەت بوو، خۆی لەناو هەموو بڕیارەكان بوو و خۆی قسەی دەكرد، لە رێگەی نوێنەرەكەیان  قوباد تاڵەبانی، كە چەندینجار بە فەرمی ددانی بەم راستییە داناوە و لێدوانی هەبووە، بەوەی ئاگەداری هەموو شتێكی حكوومەتە، بەڵام یەكێتی و موزایەدەكردن و چەواشەكاری هەرگیز لەیەك دانابڕێن و وا نیشانی دەدەن كە ئەوانە لەگەڵ خەڵك و خەمخۆری میللەتن.

*سەرەڕای دژایەتییەكانی یەكێتی، بۆچی كابینەی نۆ لە خزمەتكردنی پارێزگای سلێمانی سارد نەبووەتەوە و زیاترین خزمەتی بەو دەڤەرە كردووە؟

ئەوە راستییە كە لەم كابینەیەدا هیچ جیاوازییەك لە نێوان شارەكاندا نەكراوە، بێ جیاوازی رەزامەندی لەسەر پڕۆژەكان دراوەن، وەك پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك بودجە بۆ پارێزگای سلێمانیش خەرج كراوە، بەڵام كە رێگری لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان كرا، حەقە خەڵكی ئەم سنوورە پرسیار لە یەكێتی بكەن بۆ وایە و بۆچی رێگرییان لە ئەنجامدانی پڕۆژەكان كردووە؟، چونكە یەكێتی بەرپرسی یەكەم و كۆتاییە لە نەگەیشتنی دەستی ئاوەدانی بۆ ئەو سنوورەی ژێر دەسەڵاتی.

*بافڵ تاڵەبانی هیچ پۆستێكی حكوومی نییە، چۆن دەتوانێت دەست بۆ ئەو پڕۆژانە ببات كە حكوومەت دەیانكات؟

لای فەرمانبەران سوود و قازانجەكانی  پڕۆژەی "هەژماری من"، زۆر بە روونی دیارە، كە رێگە نادرێت چیتر مووچەكانیان بە كەیفی ئەوان خەرج بكرێت یان بیانوویان پێ بگیرێت یان بە تاڵان ببردرێت، بۆیە سەرانی یەكێتی هێندە دژایەتیی ئەم پڕۆژەیە دەكەن، حەقە فەرمانبەران پرسیار بكەن كە بافڵ تاڵەبانی بە چ سیفەتێك دەست لە كاروباری حكوومەت وەردەدات؟، ناونیشانی چییە و چۆن دەبێت لەجیاتی فەرمانبەران بریار بدات؟، ئەو هیچ مافێكی نییە و حكوومەت بۆ خزمەتكردنی خەڵكە، لەوكاتەی حزبەكەی بافڵ و خودی بافڵیش بۆ خزمەتی خۆیان كار دەكەن.

*داوای بانكی "تی بی ئای" یان دەكرد، دوای هاتنی ئەو بانكە بۆ ناو "هەژماری من"، دەستیان بە دژایەتیی ئەو بانكەش كردووە.. بۆچی؟

حكوومەتی هەرێم خۆی باش دەزانێت چی بۆ فەرمانبەر گرنگە، پرس بە هیچ لایەنێكی حزبی ناكرێت بۆ ئەو پڕۆژە و كارانەی كە دەكرێن، بانكی "تی بی ئای"، بەشداریی لە "هەژماری من" دەكات، ئەوە بۆ ئەوەی زۆرترین فەرمانبەر سوودمەند بن و زۆرترین بانكیش خزمەتگوزاری پێشكەش بكەن، ئەوانەشی بە بەشداریكردن دژایەتییان كرد، ئێستەش لە دوای هاتنی "تی بی ئای"، هەر دژایەتی دەكەن و خەریكی ئەوەن ئاسنی سارد دەكوتن.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت