كەی و چۆن ژیان و مرۆڤایەتی كۆتاییان دێت؟

:: PM:06:06:05/11/2024 ‌

دوور لە دەقە ئاینی و بیردۆزی زانایان، توێژینەوەیەكی زانستی ئاماژە بۆ هۆكار و چۆنیەتی و كاتی لەناوچوونی ژیان و مرۆڤایەتی دەكات، باسی هۆكاری سەرەكیی لەناوچوونەكە دەكات كە دەبێتە هۆی كۆتاهاتنی تەواوەتی رەگەزی مرۆڤ لە دنیا.

بەپێی توێژینەوەكە بەهۆی بەرزیی پلەكانی گەرما مرۆڤەكان بەكۆمەڵ لەناو دەچن، بەشێوەیەك كۆتایی بە بوونی مرۆڤ و تەواوی شیردەرەكان لەسەر هەسارەی زەوی دێت، ئەوەش دوای لەناوچوونێكی هاوشێوەی دایناسۆڕەكان بەر لە ملیۆنان ساڵ پێش ئێستە.

بەپێی ئەو توێژینەوەی د. ئەلكسەندەر فارنسۆرس، توێژەری بەشدار لە زانكۆی بریستۆلی بەریتانی سەرپەرشتیی كردووە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە كیشوەرەكانی زەوی بە هێواشی روو دەچن و لە كۆتاییدا بارستەیەكی زەبەلاحی زەوی پێك دێنن بە ناوی "بانگیا ئالتیما"، دروستبوونی ئەو كیشوەرە گەورەش دەبێتە هۆی گۆڕانێكی گەورەی كەشوهەوا لەسەر زەوی، واتە بەرزبوونەوەی زۆری پلەكانی گەرما و دروستبوونی وشكهەڵگەڕان و لەناوچوونی ژیان. 

زانایان دەڵێن، دروستبوونی ئەو كیشوەرە سێ گورز ئاراستەی ژیان لەسەر زەوی دەكات، لەوانە كاریگەریی راستەوخۆی كیشوەرەكە، گەرمیی زیاتری خۆر و دروستبوونی زیاتری دووانە ئۆكسیدی كاربۆن لە بەرگەهەوای زەوی، ئەوانەش دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی زۆری پلەكانی گەرما لە تەواوی زەویدا.

بەپێی توێژینەوەكە دروستبوونی ئەو كیشوەرە دەبێتە هۆی دروستبوونی رووبەرێكی گەورەی وشكانی، بەدرێژایی ملیۆنان ساڵیش خۆر بەگوڕتر دەبێت و وزە و گەرمی زیاتری دەگاتە زەوی، بەهۆی جووڵەی بلێتە تەكتۆنییەكانیش چالاكیی گڕكانی زیاتر دەبێت و بڕی زیاتری دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لە بەرگەهەوا بەرهەم دێت و كۆ دەبێتەوە، ئەوانەش دەبنە هۆی قەتیسبوونی زیاتری گەرمی، بۆیە بەو هۆیە و بەهۆی زیادبوونی رێژەی شێش، دەكرێ ئەوانە ژیان لەسەر زەوی لەناو ببەن، مرۆڤ و چەندان جۆریتری بوونەوەر بەهۆی گەرمییەكەوە لەناو دەچن، دەستكەوتنی خۆراك و ئاو نیوچە ئەستەم دەبێن.

توێژەران دەڵێن، ئەگەرچی ئەو سیناریۆیە بە مەودای ملیۆنان ساڵ لە ئێمەوە دوورە، بەڵام نابێت بابەتی گۆڕانكاریی كەشوهەوا فەرامۆش بكرێت، كە بەهۆی دەردانی گازێكی زۆر لە ئەنجامی  چالاكییە جۆراوجۆرەكانی مرۆڤایەتی و قەتیسبوونی گەرمی بەو هۆیەوە، ئەگەری هەیە دوای 250 ملیۆن ساڵ هەسارەكەمان كەڵكی ژیانی نەمێنێت، بۆیە گرنگە چارەسەری ئەو بەرهەمێنانی غازە و قەتیسبوونە بكرێت و بڕەكەی بەرەو سفر كەم بكرێتەوە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل